
درەنگ هاتی نیگاشیرین، ئەستێرەکەی نیوەشەوم
تۆ کە تازە خونچە دەگری و من خەریکی کۆچ و ڕەوم
گەرچی لای تۆ سپێدەیە و خۆر بەرەوڕووت کەوتۆتە ڕێ
بەڵام لای من ئێوارەیە و زەردەپەڕم ئاوا ئەبێ
درەنگ هاتی وەک ئەو گوڵەی لە دوای بەهار چرۆ بکات
نە بە تاسە و نە بە خەیاڵ هەرگیز بە ڕەنگی خۆی ناگات
من کە دڵم لە ناو پشکۆی خەم و ئازار ئەتوێتەوە
لە توولەڕێی ژیانمدا دواهەنگاوم ئەبڕێتەوە
من بە ڕنگی ئەرخەوانیم وا خەندەشم لە یاد ئەچێ
دڵی سەوزم بە یەکجاری وشک بووە و وا دائەچێ
تۆش بە باڵی پەپوولەیەک درەنگ هاتی بۆ سەردانم
نەتزانیوە کە من ئێستا وەک ڕەشەبا سەرگەردانم