
ئەی وەتەن با ئاگردانی زاماری بەر بارانیش بم
با قەیاغی هەڵگەڕاوی نیوەشەوی تۆفانیش بم
لە ڕێتا ئاگرێکم هەر دووکەڵاوی مەرگم نییە
بەسەر کێوی داخا ئەڕۆم کزە و ترسی جەرگم نییە
سوێند بە ناوت هەر پێشمەرگە تاقانەکەی جارانی تۆم
هەر ئاوێنە هەتاودیدەی قەیوانەکەی جارانی تۆم
لێت نەشێوێ ڕێ پەشێوێ بڵێ مەیلی ئەوسای نییە
هەڵزنینێ ڕاچەنینێ تاوێ سەدای ئەوسای ئەوسای نییە
لە بیرت بێ ئەی وەتەن من ئافاتی شەڕ نەیبەزاندم
وەک ئەسپەکەی با و بۆران بم هیچ بۆرانێ نەیبەزاندم
ئەمێستاکەش ئەی کوردستان سوێند بە بەفری قەندیلەکەت
سوێند بە نەغمەی ئاڵەنەغمەی تەیرە مەست و خۆشخوانەکەت
هەر وەک ئەوسا هەتا مردن بەردەبازی ڕێگات ئەبم
بەرتەڵان و هەر پەرژینی بەرهەیوانی دەرگات ئەبم
تۆش نەکەی نا، دڵ لە دڵ بەی بڵێی دوورە پێشمەرگەکەم
تۆ بە لوورەی با بانگم کە و منیش وە پای باران ئەگەم