
دیسان تۆفی جەور و زوڵم نیشتەوە سەر دڵەکەی خاک
لە نێو بەفر و بەستەڵەکدا بە وەرین هات شکۆفەی خاک
لێ ئەمجارە نەک هەر گوڵێ باغی گوڵمان بە وەرینە
لە باکووری بە هەتاوا باغی ڕۆحمان بە وەرینە
وەرن سەیری کوڕ و کاڵی ڕاکشاوی ناو بەفر کەن
لەسەر شووشەی شەختەبەندا سەیری خوێنی کۆ تەرمم کەن
وەرن سەیری چرای دڵ کەن لەو بەفرەدا چۆن ئەسووتێ
دڵ لە سۆی دڵ، گوڵ لە سۆی گوڵ لەو خاکەدا چۆن ئەسووتێ
ڕەنگە بیری ڕەقیب شاد بێ بە ڕووباری ئەو خوێناوە
بەڵام سبەی وای بە حاڵی چۆن گڕ دەگرێ لە چوار لاوە
هەر ئەمێستا تەواشا کەن برووسکەی خاک چۆن گڕ دەدا
سلەیمانی لە گۆیژەوە سەری تۆڵە چۆن با دەدا
سەیری هەڵپەی قامیشلی کەن چ خوێناوێ گرتوویەتی
لە پای شەڕناخ گڕی هەولێر چ غەزەبێ گرتوویەتی
تەواشا کەن لە شارەزوور تا هەڵەبجە و هەورامانم
چاوی پشدەر دڵەی دەربەن تا گەرمیانم چۆن ئەسووتێ
تەماشا کەن کەرکووک لە پای خوێنی بەورا چۆنە کڵپەی
سنە و سابڵاخ لە تاو کۆستی بەفری سوورە چۆنە کڵپەی