
ئەزیزم بۆچی تۆراوی لە خۆڕا؟
چ قەوماوە، دڵی تۆ بۆچی گۆڕا؟
دەمەکەت بێنە بینێ ناو دەمم
دەبڵا ساکین بێ ئاخ دڵەکەی پڕغەمم
ئەتۆ وا زوو لە بیرت کردم ئەمما
فەرامۆشت نەکەم شەرتە لە گۆڕا
دەمەکەت بێنە بینێ ناو دەمم
دەبڵا ساکین بێ ئاخ دڵەکەی پڕغەمم
لە من ڕا خۆ خەتایەک ڕووی نەدابوو*
ئەدی بێمەیلی بۆچ ڕووی دا لە تۆ ڕا
دەمەکەت بێنە بینێ ناو دەمم
دەبڵا ساکین بێ ئاخ دڵەکەی پڕغەمم
ئەسیری بسکتە* کۆتری دڵی من
دەبێ حاڵی چ بێ کۆتر لە تۆڕا؟
دەمەکەت بێنە بینێ ناو دەمم
دەبڵا ساکین بێ ئاخ دڵەکەی پڕغەمم
لە چاوم دێ بە خوڕ فرمێسکی خوێنین
کەچی ئەم گۆمە خوێنە هەڵنەچۆڕا
من و لاشەی پەپوولە ماینەوە و بەس
شەوی دووری، شەمیش تواوە لە کۆڕا