مەلا حوسێن عەبدوڵازادە

سێوە لاسوورەی بۆکانێ

بە دەنگی: مەلا حوسێن عەبدوڵازادە
شێوەزار: سۆرانی
54
ئەرێ وەختێکی گەلێک خۆشە نێوان مانگی بەهاران
کوێستان دەڕازێنەوە خێڵ هەڵدەکشن بۆ بناران
دوو شت یەکجار زۆر خۆشە بۆ سێبووریی دڵداران
گەڕەلاوژەی شەوانە، هەڵپەڕینی ئێواران

ئەرێ هەی لە سێوەی لاسوورەی سەر دووکانی سابڵاغێ
چ بکەم بۆ قاسیدێکی بۆ باس و بۆ سۆراغێ
بەینەڵا شۆخ و شەنگە دایدەنێم لە وەتاغێ

ئەرێ وەکی لە من قەوماوە یاخودا لە کەس نەقەومێ
لە وڵاتی موکریانی کەس نێ هاواری بەرمێ
دایک و بابی لێوئاڵێ تووڕەن نامدەنێ نەرمێ
لەسەر ئەو حاڵاتەمە زۆری لێ دەکەم شەرمێ

ئەرێ هەی لە سێوەی لاسوورەی سەر دووکانی بۆکانێ
حەرەس منەتێ دەبا ئەو گوڵە پێی لەسەر دانێ
چۆن لەسەرم واجب بووە وەک ڕۆژووی ڕەمەزانێ

ئەرێ نێوان مانگی بەهاران وەختی خێڵ بەرەوژووران
لە هاڕەی ئاوهەڵدێری کوێستانی سەر سنووران
ورشەی بازنە و پاوانە خرمەی گوارە و بەرمووران
تاقە کیژە ئێلاتیان لە نێو گوڵاڵەسووران

ئەرێ هەی لە سێوەی لاسوورەی سەر دووکانی بۆکانێ
لێم بووەتە برینجی سەدری کەوتە ڕەشت و گێڵانێ
حەرەس منەتێ دەبا ئەو گوڵە پێی لەسەر دانێ

ئەرێ چەن چاوەڕوانی لەیلێم عەجایب بۆچی نەهات
یاڕەبی خودایە خێر کەی ئەو ڕەنجەم نەدەی بە باد
بە ماچێکی هەرزانە قەراخان و حاجیاباد
شەرتە ئەو گوڵە میوانە هەی نایەڵم سێ ڕۆژ بڕوات

ئەرێ هەی لە سێوەی لاسوورەی سەر دووکانی بۆکانێ
حەرەس منەتێ دەبا ئەو گوڵە پێی لەسەر دانێ
لێم بووەتە برینجی سەدری هەی کەوتە ڕەشت و گێڵانێ

ئەرێ سینگت تەختە بۆ لاوان هەی قورینگێی سەر کانی و ئاوان
بە بەردەشاندا رۆییم حاڵی کردم بە چاوان
تازە مەیلت بەر نادەم هەی شەرتە بە شەرتی پیاوان

ئەرێ هەی لە سێوەی لاسوورەی سەر دووکانی بۆکانێ
حەرەس منەتێ دەبا ئەو گوڵە پێی لەسەر دانێ
چۆن لەسەرم واجب بووە وەک ڕۆژووی ڕەمەزانێ