
قەترەیە فرمێسکی چاوە جوانەکەت کەوتە سەر لێوم
تامەزرۆیی دا بە هەناسە و دڵەی غەمبار و پەشێوم
ببارێنە فرمێسکی گەش ببارێنە
بهاژێنە سینە و جەرگم بهاژێنە
کە فرمێسکی چاوەکانت بە ڕووی گەشتا دێنە خوارێ
بڕوشەی بارانی سۆزە خۆشەویستی لێ دەبارێ
خەمڕەوێنە وشەی جوانت خەمڕەوێنە
هەستبزوێنە نیگای چاوت هەستبزوێنە
خۆشەویستیت ئاگرێکە کڵپە و بڵێسەی بە تینە
سینەت کانیاوی کوێستانە بەهەشتێکی سەرزەمینە
خۆت بنوێنە تۆ مەرگی من خۆت بنوێنە
مەمڕەنجێنە تۆ ویژدانت مەمڕەنجێنە
چاوی شەرمنی بێنازت کە جارجارە هەڵیان دێنی
خۆ دەزانم خۆشەویستی و وەفاداری تیا دەنوێنی
بگرمێنە چون هەوری تاو بگرمێنە
ببارێنە بە خوڕ فرمێسک ببارێنە
قەترەیە فرمێسکی چاوە جوانەکەت کەوتە سەر لێوم
تامەزرۆیی دا بە هەناسە و دڵەی غەمبار و پەشێوم
ببارێنە فرمێسکی گەش ببارێنە
بهاژێنە سینە و جەرگم بهاژێنە