
کۆنەهەوار ئەی بەهەشتە بێ وێنەکەم
هەوێنی ژین ئەی ڕەوگە دڵڕفێنەکەم
چەم و کانیت، چیا و باغت پڕ لە ڕازن
هەزار چەشنە هەوێنی شیعر و ئاوازن
با بە یادی ڕۆژانی شادی دڵداری
سوجدە بەم بۆ خاک و خۆڵ و بەرد و داری
لە هەر دارێ چەپکەگوڵێک یادگارێ
وچانێ دەی لە جێژوانی کۆنەیارێ
کۆنەهەوار ئەی بەهەشتە بێ وێنەکەم
ئازارگەستە هاودەردە دڵ بە خوێنەکەم
بۆچی تاری تریفەی ڕوون؟ بە چی تاری؟
چییە باری کەلی زستان لە تۆ باری؟
توخوا هەستە ئەوە سروەی بەیانی دێ
بەهاری کەسک و سووری زیندەگانی دێ
تا لە ناخی ژان و ژینتا نەتوێمەوە نەتوێمەوە
لەو ئەوینەش هەتا مردن ناکشێمەوە
زەمانە گوڵێکی دامێ لێی ستاندم
بۆنم پێوە نەکرد لێی هەڵپساندم
ڕیشەی جەرگ و دڵم بوو ئەو گوڵەی من
فەلەک زۆر بێوەفا بوو لێی ستاندم
ئەی گوڵەکەم وەی گوڵەکەم بۆنخۆشەکەم
پاشی باڵاکەی تۆ دڵ بە کێ خۆش کەم
سەبەبکارت زەلیل و قوڕبەسەر بێ
شەو و ڕۆژ خواردنی خوێنی جگەر بێ
غەریب مابووم لە تارانێ بۆ وات کرد
ئەسیر ماوم لە زیندانێ بۆ وات کرد
هەی بۆ وات کرد گوڵم بۆ وات کرد
تۆ بۆ وات کرد
بە خاتری قەوم و خێڵ ماڵە من و خۆت خرا کرد
شایی و شینم تێکەڵ بوو ئەی گوڵی من
بەهارە پەڕپەڕە و ژاکا گوڵی من
ئەی گوڵەکەم وەی گوڵەکەم بۆنخۆشەکەم
پاشی باڵاکەی تۆ دڵ بە کێ خۆش کەم