
دنیا خەمە، ژیان ژانە، بۆ شارەکەی بەهاری سوور
هیرۆشیمای کوردستانە، هەڵەبجەی دایکی شارەزوور
کۆرپە بە بێشکەو لانکەوە، منداڵ بە سینگی دایکەوە
بۆ یادی نەورۆزی ئەمساڵ، سووتان و بوون بە کۆی زووخاڵ
مەرجە هەموو بەرد و داری، هەڵەبجەی تینووی ڕزگاری
دەکەینە خەنجەری تۆڵەی، بەرپشتێنی کوردەواری
ئەگەر دایە، بە تێکۆشان لە ڕێی مافی گەل و ئەو خاکەدا مردم دایە گیان
نەڵێی مەرگی کوڕم، تووشی پەژارە و شیوەنی کردم دایە گیان
دەبێ ئەو کاتە دڵشاد بی کە کورد و باوەڕی بەرزی
بە سەربەرزی، لە باوەشتا، بەرەو ئەم ڕێگەیەی بردم دایە گیان
ئەی تریفەی مانگەشەوی زیوینی ئاسمان
بۆ بە تۆسقاڵ، جاربەجارێ، خۆت ئەدەی نیشان؟!
دەربکەوە ڕووناکی پاک بەرە سەرینم
بۆم ڕووناکە زیندانی تار ژووری کەمینم؟!
ئەوە زنگی ژووری تاری تارمایی زیندان
هاودەنگمە و مۆسیقامە بۆ شەوی لێدان
ئەوە ئێستا پێچەوانە من لە جیاتی تۆ
لە قەفەسدام ئێشکچێتیم گرتۆتە ئەستۆ
بەڵێ دەردم زۆر گرانە، پەرۆشە گیانم
بۆ ئامانج و بۆ هیوایە، بەندی زیندانم
تا ئەو ڕۆژەی چوار ئێسکەکەم دەخرێتە ناوچاڵ
بۆ کوردستان دەسووتێم و دەبم بە زووخاڵ