حەسەن دەرزی

دەردی دڵ

بە دەنگی: حەسەن دەرزی
شێوەزار: سۆرانی
512
نامەیێکم پێگەیی هەر وەک گوڵاوی پەرچەمت
وەسوەسەم کرد ئەی خودا کەی دەم بنێمە ناو دەمت
خۆزگە دەمزانی لە غوربەت کێیە بێ من هاودەمت
خۆ دەزانی گیانە بۆ من ناکرێ تەرکی غەمت
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

وێنەکەت دەرمانی سەر جەرگی برینداری منە
وەختی دڵتەنگی بەبێ تۆ هەر ئەوە یاری منە
دیتنی ڕووناکی بۆ دوو چاوی جۆباری منە
تا کو لێت دوورم عەزیزم شیوەنت کاری منە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

نامە سەر دوو چاوی تەڕ وێنەت لەدووی ماچ کردنی
سەر دڵی شێواوی خۆمە جێی لە پاش هەڵگرتنی
شەمعی ڕووت بۆ من حەیاتی باقیە هەڵ کردنی
وا لە دڵ هاڵاوی بەخوا حەستەمە لابردنی
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

سەیری کوردستانی چۆل کەم یا تەمی کوێستانی دڵ
داخی دووری تۆ بچێژم یا غەمی هیزار لەمل
ئەی خەزانی غەم بڕۆ با شین بێ باغم چڵ بە چڵ
ئەی فەلەک بابێ بەهارستانی من سێ چەپکە گوڵ
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

شێت و ماخولیای غەمی تۆم گیانە من دێوانە نیم
مەستی جامی مەیلی تۆم و ئەلی نێو مەیخانە نیم
ڕاستە سوتانم بەڵام بێ شەمعە خۆ پەروانە نیم
خاکی کوردستان دەڵێ پێت، ڕۆڵە من وێرانە نیم
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

گیانەکەم پێت وا نەبێ شانۆی گەزاف و لافمە
مەیلی تۆ نیشەی دڵی خەمدیو و سینەی سافمە
هێرشی بەدخووییتە گەردون موو کەنیزەی جافمە
هەر شەوی هیجرانی تۆیە موردی ئەوسافمە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

دەردی دڵ بۆ کێ بەیان کەم دڵ کە نالاوێتەوە
ئەو گڕوی گرتویە چ بکەم بێ تۆ ژیر نابێتەوە
بەفری بەفرانبارە بێ بای وەعدە قەت ناچێتەوە
ئەی خوا کەنگی ئەزیزی ئەو دڵەی من دێتەوە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

باوەڕی نایە بەژینم دڵ بەدەس جزیاتەوە
خۆشە ڕۆح دەربێ و بەجارێ بیخەمە ژێر پاتەوە
چونکە تەنیا هەر دڵێکە و سەد بەڵا دەیباتەوە
چەرخی چەپگەرد لێم بەقینە دەست لە من ناکاتەوە
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من، تۆ لەوێ من لێرەوە

بولبول ئەر مەیلی سەفاتە بێرە لای من لەحزەیەک
نابێ بۆ ناڵین و سوتان قەت وەکوو من بەندەیەک
من بە بەندی نیشەدارو تۆش گوڵی سور دەستەیەک
تۆ ورینگەی شیعری ژێرو کەو لە کۆتریش لەنجەیەک
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە

گوێت لە بەندی ئاخرم بگرە هەتا ڕۆح ماوە پێم
گەرچی ئاڵۆزە بەڵام بمبورە چون «شێواوە» لێم
تا بە ڕوناکی چرای گۆنات دەبینم دەست و پێم
سەر لەسەر ئێخەی غەمی تۆ پڕ بە کوردستان دەڵێم
چاوەکانم بەسیە غوربەت بێرەوە
چۆن بژیم من تۆ لەوێ من لێرەوە