با وەکوو باران بشۆرین ڕوومەتی گشت دارەکان
چەشنی دەریا بچینە خەونی ماسییە خەمبارەکان
با بە ئەگریجەی گەنم ڕەنگین بکەی گشت دەشتەکان
بۆ هەژاریی سفرەکانمان با بخوێنین شیعری نان
بۆ ئەوەی بەند و قەفەس بمرێ بەهارێ دێینەوە
دێینەوە فرمێسکی چاوی کۆترەکان ئەسڕینەوە
تا دەگەینە تاکە داری بەرزی ئاوات و ئەوین
تا سپێدەی عاشقی شوێنپێی خەزان ئەسڕینەوە
ها کە ڕۆژێ بێتە دی خەونی مناڵانی هەژار
ڕوو لە شاری خەونەکان ئەبڕینەوە گشت ڕێگەکان
بۆ لە ئامێزگرتینی خەون و خەیاڵی ئاسمان
پەنجەرەی ڕووناکی ئەڕوێنین لەسەر دیوارەکان
با وەکوو باران بشۆرین ڕوومەتی گشت دارەکان
چەشنی دەریا بچینە خەونی ماسییە خەمبارەکان
با بە ئەگریجەی گەنم ڕەنگین بکەی گشت دەشتەکان
بۆ هەژاریی سفرەکانمان با بخوێنین شیعری نان