نایەیتەوە نایەیتەوە سەرێ لە شار نادەیتەوە
بیری سلەیمانی ناکەی
حەز لە پیاسە و گەڕانێکی دەمەوئێوارانی ناکەی
ئەگەر ئەمجارە بێیتەوە ئەم شارە ناناسیتەوە
سیمای بە جۆرێ گۆڕاوە یادگاری هەر تیا نەماوە
وەرەوە بۆ سلەیمانی بۆ شاری ئەوین و جوانی
گەرچی جاران شارەکەی شێخ کووچە و کۆڵانی کەمتر بوو
بەڵام لای من سلەیمانی هەر جاری جاران خۆشتر بوو
ئەزانم بێ سلەیمانی لە شوێنێکیکە هەڵ ناکەم
باخچەیەکم لێرە نەبێ لە خاکێکی تر گوڵ ناکەم
سەرچنار چۆن لە بیر ئەکرێ؟ کوێ جێی ئەزمەڕ ئەگرێتەوە؟
هەتا ئەمجارە دێیتەوە هیچ وەک خۆی نامێنێتەوە
نایەیتەوە نایەیتەوە سەرێ لە شار نادەیتەوە