هاوتا ئەسعەد

ماچی خودایی (وەرە یارم)

بە دەنگی: هاوتا ئەسعەد
شێوەزار: سۆرانی
208
وەرە یارم وەرە ئەی تازە یارم
وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم
وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم
وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم
وەرە خاسەکەوی ڕام و کەویی من
وەرە ئیلهامەکەی نیوە شەوی من
وەرە ئۆخژنی سینەی پڕ گڕی من
وەرە پیرۆزەکەی بەرزەفڕی من

وەرە ئەی ڕێژنە بارانی بەهاری
وەرە شێعری تەڕی پڕ وردەکاری
وەرە ئەی نەونەمامی باخی ژینم
وەرە ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم
وەرە کاروانکوژەی کاتی بەیانیم
وەرە بیرەوەری و ئاواتی جوانیم
وەرە ئەی بوت هەتاکوو بتپەرستم
وەرە مەمکۆڵەکەت بگرم لە مستم

وەرە ئاشنا وەرە ئەی خاتووزینم
وەرە با بەژن و باڵاکەت ببینم
وەرە با دامرێ ئاوات و تاسەم
وەرە با بسکەکەت لادا هەناسەم
وەرە با هەڵمژم ئەم لێوە گەرمە
وەرە با هەڵگوشم ئەم ڕانە نەرمە
وەرە جوانێ وەرە نازت بکێشم
وەرە وەک دەستەگوڵ داتنێم لە پێشم

وەرە با بەس بکەم ئەو باوە باوە
وەرە با بێن بکەم ئەو بسکە خاوە
وەرە با دەس لە باڵاکەت وەرێنم
وەرە کوڵمەم لە کوڵمەی تۆ خشێنم
وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی
وەرە ژن بە و مەکە پەیمان شکێنی
وەرە گیانم فیدای چاوی ڕەشی تۆ
وەرە با هەست بکەم گەرمی لەشی تۆ