ئەی شەمی شەوان ئەی شەمی شەوان
ئەی شەمی بە شەوق چلچرای شەوان
ئەی ژیانی من هەی ڕۆحی ڕەوان
هەی گلێنەکەی دیەی بێخەوان
هەی عەنبەرین خاڵ سۆسەنی کڵاف
هەی ڕووناکایی ڕەشماڵانی جاف
هەی من پەروانەی پەڕ سووتاوی تۆ
هەی من گیرۆدەی زۆلفی خاوی تۆ
ئەی شەمی بە شەوق ئەی شەمی شەوان
هەی شەمی بە شەوق چلچرای شەوان
تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من
گوێ ناگری بە ئاهـ زامی سەختی من
ناپرسی ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم
بێباکیت لە تین قرچەی دەروونم
بێ مروەتیو کرد ئەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم
هەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە
حەیفت کرد منت لە بیر چووەوە