هەی شەمی شەوان هەی شەمی شەوان
هەی شەمی بەشەوق چلچرای شەوان
هەی ژیانی من هەی ڕۆحی ڕەوان
هەی گلێنەکەی دیدەی بێخەوان
هەی عەنبەرین خاڵ سۆسەنی کڵاف
هەی ڕووناکایی ڕەشماڵانی جاف
هەی من پەروانەی پەڕ سوتاوی تۆ
هەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ
تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من
گوێ نادەی بە ئاهـ زامی سەختی من
ناپرسیت ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم
بێباکی لە تین قرچەی دەروونم
وادەی من و تۆ دیوانی خوا بێ
مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ
شەمی شەم ڕوومەت تۆ بە سەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت
بێ مروەتیت کرد هەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم
هەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە
حەیفت کرد منت لەبیر چووەوە
هەی شەمی شەوان هەی شەمی شەوان
هەی شەمی بەشەوق چلچرای شەوان
هەی ژیانی من هەی ڕۆحی ڕەوان
هەی گلێنەکەی دیدەی بێخەوان