دڵی سەوزم لە زەردی تۆ دەلەرزێ
لە ساردی تۆ گەرم بۆ تۆ دەلەرزێ
لە دووریتا وەکو ئاهوویی گیراو
لەناو داوا بەهۆ و بێهۆ دەلەرزێ
لە بەردەمتا لە کاتی تێپەڕینا
وەکو مۆمێک نزیک پشکۆ دەلەرزێ
وەک ئەو ئێوارەیەی مانگ کەوتە خوارێ
وەکو پەردەی دەمی ئاسۆ دەلەرزێ
دڵم خوێنە گوڵەندام و جەستەت
بەخوێنی دڵ وەکوو شەوبۆ دەلەرزێ