حەسەن زیافەتی

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە

بە دەنگی: حەسەن زیافەتی
شێوەزار: سۆرانی
302
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
بەیانییان وەک بەرخۆلەیەکی ساوا
لەناو قەرسیلی پاراوا
تل دەخۆم و گیایەکی تفت تێرتێر دەجووم
تا کفت دەبم پێ و بەلەکم
لە شەونمی سارد هەڵدەسووم
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
وەک پەلەورێکی نەوی
بەسەر کێڵگە سەوزەکانا دەخولێمەوە
وەک شەنگەبی بەسەر چەم
و منارەکانی کەنارا شۆڕ ئەبمەوە
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
سەرنج دەدەم
گوڵەگەنم چۆن زەرد دەبێ
هەنار و سێو چۆن پێ دەگەن
قەتێیەکان
هێلانەیان چۆن چێ دەکەن

سەرنج دەدەم
زەڕنەقووتە چۆن باڵ دەگرێ
پەڕەسێلکە کۆچەرەکان
لەسەر تێلی کارەبای ڕێ چۆن ڕیز دەبن
جۆگەلەکان لە کوێوە دێن بۆ کوێ دەچن

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
لە گۆی مەمکی هەر کانییەک
قومەئاوێک دەخۆمەوە
گشتیان ئەکەم بە دایکی خۆم
لە هەر ئەشکەوتێکا شەوێک
سەر بە گاشەبەردێک دەکەم
گشتیان ئەکەم بە لانکی خۆم
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
زمانی گڕ دەهێنمەوە بۆ لاڵەکان
شاپەڕی گڕ دەهێنمەوە بۆ فڕندە بێباڵەکان
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
ناهێڵم لاوان گوڵ بچنن
بۆ گوڵدانی مردووی سەر مێز
فێریان دەکەم کە چوونە ژوان
لە بەرۆکی کچانی دەن
پێش ئەوەی بیانگرنە ئامێز
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
زۆر جۆلانەی نەرم و سادە
بۆ مناڵان هەڵدەبەستم
جەژنی لە دایکبوونیانە
کە نییانە!
بەشدار دەبم
لەباتی مۆم دادەگیرسێنم ئەنگوستم
گڕ بەردەدەم
لە گلێنەی چاوەکانم
لە ساواترین هەڵبەستم
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە

ئەگەر ئەمجارە بێمەوە
هەر بێشکەیێکم بێتە ڕێ بە شێنەیی
بە سەریا دەنووشتێمەوە بە شێنەیی