من ئەڵێم:
پەپوولەیەک فڕی بە باڵی سەوز و سوورەوە
من ئەڵێم:
گوڵێ بە دەم شنەی شەماڵەوە بزەی بزووت
تۆ ئەڵێی:
چ بوو پەپوولەیەک فڕی
یا نە سوورەگوڵ، زەردە کەوتە لێوی ناسکی
من ئەڵێم:
هەتا هەتایە دەوری جوانییە
ئەمڕۆ گەر هەتاو کەسیرەیە نەماوە ئاگر و گڕی
مێرگی ئاسمان بە سووتمانی هەوری لۆکەیی نەزۆک
پڕ لە خاڵ و قۆپەنە
خۆشەویستەکەم
لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانییە
بەو دەمەت کە بۆنی سەد بەهاری لێوە دێ
بۆنی دەشتی بەختیاری باوەشی چیا، بەدەستی با
بە گوڵ چناوی، لێوە دێ
بۆنی سەر سەکۆی بە کاگڵی، بە ئاوپژاوی، لێوە دێ
پێم مەڵێ کە داکەوم
پێم مەڵێ کە ئاڵی زاڵی شەو، چاوی بێخەوی چڕە
پێم مەڵێ نەهاتنەوە ئەوەی کە چوون
مەگری بۆ خەساری بێ گەڕانەوە
ڕێگەمان دوور و سەخت و قاقڕە
خۆشەویستەکەم
هۆنراوە: #سوارە_ئیلخانیزادە