عەدنان کەریم

نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ

بە دەنگی: عەدنان کەریم
شێوەزار: سۆرانی
297
نەمردم من ئەگەر ئەم جارە بێ تۆ
نەچم شەرت بێ هەتا ئەم خوارە بێ تۆ
بیناییم کوێرە هەڵنایێ بە ڕووی کەس
موژەم یەک یەک ئەڵێی بزمارە بێ تۆ
قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکت
شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ
لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لە لای من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ
لە لای من با وجوودی ناس و ئەجناس
کەسیکەی تیا نییە ئەم شارە بێ تۆ
هەتا تۆم ئاشنا بووی ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ
هەموو ڕۆژێ لە تاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ
لە حەسرەت سەروی قەددت چاوی نالی
دوو جۆگە بەڵکوو دوو ڕووبارە بێ تۆ
هۆنراوە: #نالی