ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر
ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە
لەسەر کێکی تەمەمن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر
هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو و شیعری تەڕ و بادە
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر