حەسەن کاکایی

ئێوارەی پاییز

بە دەنگی: حەسەن کاکایی
شێوەزار: سۆرانی
354
لە ئاسۆیەکی دوورە دەست ئاوابوو زەردەی پایزی
دەتگوت بووکێکی بێ نازە پەردە جێ دێڵێ بە زیزی
پەڵە هەورێکی چڵکنە گرتی سووچێکی ئاسمان
گەڵای زەردی دارێک وەری زریان بردی بەرەو نەمان
شەپۆڵێک مۆسیقای بەسۆز هات و ڕابورد بە بن گوێمدا
شوێنێکی بۆ خۆی کردەوە لە ناخی دڵی توێ توێمدا

هەوا بوولێڵە، ئاو لێڵە گوڵ سیس بووە، گەڵا زەردە
تەنانەت ڕەنگی گۆڕاوە ئەم دیوار و دار و بەردە

تەماشای هەر شوێنێ دەکەم ڕەنگی پایزی گرتووە
جوانی خۆی لێ شاردوومەوە دزێوی ڕیزی گرتووە

ئارام ئارام بەلۆژە لۆژ ئەوا بەرەو ماڵ بوومەوە
نە کەس لە پێشمدا دەڕوا نە کەس دیارە بەدوومەوە

نا نا ناڕۆم، مەلەی دەکەم لەنێو دەریای مەندی خەیاڵ
داهێزاو و ڕووگرژ، تووڕە دڵ پڕ تاسە، مێشک بەتاڵ
ئاخ، دیسان ڕووپەڕێک دڕا لە ڕۆژ ئەژمێری تەمەنم
ئاخ، دیسان شەو داهاتەوە من هەروا دوورە وەتەنم

ئاخ، دیسان چوومە ژێر باڵی ڕەشی شەوگاری تەنیایی
ئاخ، دەبێ ئەوجار بچێژم ژەهراوی تاڵی جودایی

خۆ دەبێ ڕابوێرم لە دیوێکی سارد و سڕدا
دەگەڵ ئازار دەستەملان بم تا بەیان لە نوێنی شڕدا

دەڕۆم، دەترسم، دەلەرزم لە پەلاماری مۆتەی شەو
داد لە دەس ئەو دڵەی بە خەم وای لە چنگ ئەو چاوەی بێ خەو

دوور قاقایەکم گوێ لێ بوو دەتگوت گوللەم پێوە دەنێ
چۆن بە ئێوارەی پایزیش ئی وا هەیە پێ دەکەنێ

خەیاڵم ببوو بە وشە نەمزانی کەس بەدوامەوە
دەنگێکی لەرزۆک و نەرم بەسپایی جوابی دامەوە:
وتی هەن و یەکجار زۆرن بازرگانی فرمێسک و خوێن
بەڵێ هەن و پێ دەکەنن بە سەر بە هەش، بە مل بە کوێن
بەڵێ هەن و پێ دەکەنن بە من، بە تۆ، بە هەزاران
بە داخی باوک کوژراوان بە هەنیسکی هەتیوباران