محەمەد ماملێ حەسەن زیرەک

بەرهەڵبێنە

بە دەنگی: محەمەد ماملێ و حەسەن زیرەک
شێوەزار: سۆرانی
409
بەرهەڵبێنەی خام حەلاوە هەر دەڕۆی و دەکراوە
گەلێکیش مەمنوونم بوو بە دوو ماچ بۆم گرێ داوە
ئەرێ لێیدە بەرهەڵبێنە

دەڵێن لێوئاڵ لێم زیزە بە کەس ئاشت نابێتەوە
کەژاڵ چۆتە سەفەرێ دوعام بۆ بکەن بێتەوە
لە خودای دەکەم تەڵەبێ لەگەڵم ئاشت بێتەوە
دەنا لێیدە بەرهەڵبێنە
بەرهەڵبێنەی خام حەلاوە هەر دەڕۆی و دەکراوە
گەلێکیش مەمنوونم بوو بە دوو ماچ بۆم گرێ داوە
ئەرێ لێیدە بەرهەڵبێنە

دەچمە سەری سوڵتانی شەمۆیە نایەمەوە
دەست لە کێلان وەردێنم چل دانەی دەگرمەوە
بەختی خۆم و لێوئاڵێ بە تاقی دەکەمەوە
دەنا لێیدە بەرهەڵبێنە
بەرهەڵبێنەی خام حەلاوە هەر دەڕۆی و دەکراوە
گەلێکیش مەمنوونم بوو بە دوو ماچ بۆم گرێ داوە
ئەرێ لێیدە بەرهەڵبێنە

توخدا دڵم مەشکێنە تاوێک وەرە باوەشم
بەژنێ باریک لێم زیزە دەتکێ فرمێسکی گەشم
لە دونیا خۆشیم نەدی بەدبەخت و چارەڕەشم
دەنا لێیدە بەرهەڵبێنە
بەرهەڵبێنەی خام حەلاوە هەر دەڕۆی و دەکراوە
گەلێکیش مەمنوونم بوو بە دوو ماچ بۆم گرێ داوە
ئەرێ لێیدە بەرهەڵبێنە

کەوتوومە بەحری غەمێ ڕێیە هات و نەهاتێ
ڕۆژی پازدەی شەعبانێ شەوی جەژنی بەراتێ
ماچێک بۆ ڕۆژی جێژن بە جێژنانە دەمداتێ
دەنا لێیدە بەرهەڵبێنە
بەرهەڵبێنەی خام حەلاوە هەر دەڕۆی و دەکراوە
گەلێکیش مەمنوونم بوو بە دوو ماچ بۆم گرێ داوە
ئەرێ لێیدە بەرهەڵبێنە

شەدەی بەستووە بێریانی دەسرۆکەی تۆزێک تیلە
بەرۆکت بۆ دەرزیلە قامکت بۆ ئەنگوستیلە
لەسەر چیم لێ تۆراوی زیزبوونت بێ دەلیلە
دەنا لێیدە بەرهەڵبێنە
بەرهەڵبێنەی خام حەلاوە هەر دەڕۆی و دەکراوە
گەلێکیش مەمنوونم بوو بە دوو ماچ بۆم گرێ داوە
ئەرێ لێیدە بەرهەڵبێنە

قەت جارێکی پێت نەکوتم با بیکەین ڕا و تەگبیر
سەد لەحنەت لەو کەسەی بێ دەست لە باڵات دەکا گیر
جا چ بوو ماڵە بابم ئەتۆ جحێڵ و ئەمن پیر
دەنا لێیدە بەرهەڵبێنە
بەرهەڵبێنەی خام حەلاوە هەر دەڕۆی و دەکراوە
گەلێکیش مەمنوونم بوو بە دوو ماچ بۆم گرێ داوە
ئەرێ لێیدە بەرهەڵبێنە
ئەم گۆرانییە لە ساڵی ١٩٦٥ی زایینی لە بەشی ئازەریی ڕادیۆ تاران تۆمار کراوە و مامۆستایان حەسەن زیرەک، مەلا حوسێن عەبدوڵڵازادە و هاشمی فیدایی لە خوێندنی کۆرسی ئەم گۆرانییەدا بەشدارییان کردووە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان لە سەفەرێکی مامۆستایان ماملێ و عەبدوڵڵازادە بۆ تاران، ئەو دوو بەڕێزە دەبنە میوانی ماڵی مامۆستا حەسەن زیرەک کە لەو کاتەدا لە بەشی کوردیی ڕادیۆ تاران لەگەڵ میدیا زەندیی هاوژینی خەریکی ئیش بوونە و بە هەولی مامۆستا زیرەک چەند گۆرانییەک بە هاوکاریی ئۆرکێسترای ئازەریی ڕادیۆ تاران تۆمار دەکەن کە بریتین لە:
-'هەستە با بڕۆینە داوەتێ' بە دەنگی مامۆستا مەلا حوسێن.
-'ڕێبوار و ڕێبوار' بە دەنگی مامۆستا زیرەک.
- 'بەرهەڵبێنە'، 'مەگری مەگری'، 'ماڵە بابم بێ وەفا'، 'گۆوەندە زەماوەندە' و هەروەها 'بە هەوران پاییزە(لەبەر نازی تۆ)' بە دەنگی مامۆستا محەمەدی ماملێ.