محەمەد ماملێ

لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ ٢

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
350
لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ دەڵین شای گوڵان ڕۆیی
لە مەیخانە سەدای شین دێ دەڵێن پیری موغان ڕۆیی
دەڵێی دەوری فەلەک سەیری قەمەر میزانی گۆڕاوە
کە وا گوڵ زەرد و سونبول تێک چوو ڕەنگی ئەرغەوان ڕۆیی
لەبەر چاوی جیهانبینم جیان تاریک بوو نەمزانی
نە نووری چاوەکانم چوو نە خورشیدی جیهان ڕۆیی
مەڵێن بولبول مەناڵێنە کە وا گوڵ گوڵشەنی چۆڵ کرد
دڵ ئارامی نەما قوربان کە ئارامی دڵان ڕۆیی
سەرحەر مەستانە هات بولبول بە شادی بۆ تەوافی گوڵ
کە دی باغ بێگوڵە داغ بوو بە سەد ناڵە و فوغان ڕۆیی
بەهار هات غونچە پشکووت دەنگی بولبول سوو بە سوو ڕۆیی
دەبێ حاڵی چ بێ بولبول بەهار زۆر پێ نەچوو ڕۆیی
بە ناڵەی دڵ شیفام نایێ درێغ بۆ مەرهەمی جەرگم
لە زەنگی کاروان چ بکەم دەلیلی کاروان ڕۆیی
قیامەت بۆ دڵان هەستا کە چاوی مەستی وەرگێڕا
مەگەر ئازوردە بووە ساقی لە بەزمی مەیکەشان ڕۆیی
چ شین و ڕۆ و چ هاوارە لە نێو حەڵقەی موریداندا
مەگەر خواجەی سەمەرقەندی لە نێو ساحێب دڵان ڕۆیی
خرابوو خانەقا بێ شێخ و شەوقی تالیبان سەد حەیف
چەمەن وێران بوو نەغمەی بولبولان چوو باغەبان ڕۆیی
لە ناڵەی بولبول و قومری وەفایی بۆیە هەر دەگری
گوڵێکی سەرو باڵام بوو بە تاراجی خەزان ڕۆیی

هۆنراوە: وەفایی
وەفایی ئەم هۆنراوەیەی بە بۆنەی شکستی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و دوورخستنەوەی لە کوردستان و نێردرانی بۆ تاراوگە هۆنیوەتەوە