محەمەد ماملێ

موو ناپسێنم (جوانێ گیان)

بە دەنگی: محەمەد ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
256
ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم
لەبەر کەس ئەستەمە سەر دانوێنم
کەچی ئێستێ لە داوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بی بە پردم
چ قسەی چاکت بۆ نەکردم

ژیانم پر لە ڕەنج و نامرادی
بە هەڵکەوتیش نەهاتم تووشی شادی
دڵم هێند تەنگە هەر جێی تۆ دەبێ و بەس
ئەتۆش مەحکوومی حەپسی ئینفرادی
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بی بە پردم
چ قسەی چاکت بۆ نەکردم

قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی
نەهاتی، گەرچی پێت دابووم بەڵێنی
لە نێو کوردا نەبوو پەیمان شکاندن
لە کوێ فێر بووی گوڵم پەیمان شکێنی؟
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بی بە پردم
چ قسەی چاکت بۆ نەکردم

بێقەباحەت گەر حەواڵەی تیری موژگانم دەکا
مەنعی ناکەم خۆشە فریادم بە خۆشخوانم دەکا
گەر بە تیری عیشوە جەرگم پارە کا گاهێ بە ناز
ماڵی ئاوا بێ بە خەندەی لێوی دەربانم ئەکا
من شکاتی دڵپەرێشانم لە گیسوی کردووە
ئەو حەواڵەی مەحکەمەی زوڵفی پەرێشانم ئەکا

ئەگەرچی ڕۆیی قەت ناچی لە یادم
دەکەم یادت، بەیادی تۆوە شادم
کە بارگەت بۆ هەوار تێک نا گوڵی من
شکا ئەستووندەکی تاوڵی مرادم
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بی بە پردم
چ قسەی چاکت بۆ نەکردم