ئەمن دەمگوت لە دنیا تا بمێنم
لەبەر کەس ئەستەمە سەر دانوێنم
کەچی ئێستا لە داوی بسکی تۆدا
گرفتارم گوڵم موو ناپسێنم
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بی بە پردم
چۆن قسەی چاکت بۆ نەکردم
ژیانم پر لە ڕەنجە و نامرادی
بە هەڵکەوتیش نەهاتم تووشی شادی
دڵم هێند تەنگە هەر جێی تۆ دەبێ و بەس
ئەتۆش مەحکوومی حەپسی ئینفیرادی
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بی بە پردم
چۆن قسەی چاکت بۆ نەکردم
قەرار بوو بێی لەگەڵ خۆت شادی بێنی
نەهاتی، گەرچی پێت دابووم بەڵێنی
لە ناو کوردا نەبوو پەیمان شکاندن
لە کوێ فێر بووی گوڵم پەیمان شکێنی؟
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بی بە پردم
چۆن قسەی چاکت بۆ نەکردم
ئەگەرچی ڕۆیی قەت ناچی لە یادم
دەکەم یادت، بەیادی تۆوە شادم
کە بارگەت بۆ هەوار تێک نا گوڵی من
شکا ئەستووندەکی تاوڵی مرادم
جوانێ گیان بۆ وات لێ کردم
بە قسەی خەڵکیت لەگەڵ کردم
یاخودا بەدکار بێت بە پردم
چۆن قسەی چاکت بۆ نەکردم