حەسەن زیرەک

غەریب ماوم

بە دەنگی: حەسەن زیرەک
ئەلبۆم: ڕادیۆ
شێوەزار: سۆرانی
394
غەریب ماوم دەکەم زاری
دەکەم شێتی و بێ قەراری
بە فیدای گۆنای نازداری
تۆم وەنەوشەی ئەوەڵ بەهاری

خۆم بە غولامی سوخمەی کۆنی
وەک مێخەکبەند دەڕوابۆنی
هاتووم بزانم چلۆنی
وێنەی شەمامەی بە بۆنی

غەریب ماوم سەرگەردانم
لە بۆ تۆ خانەوێرانم
ڕوحمێک بکە سووتاوە گیانم
کچێ نابینێ چاوەکانم

خۆم بە غوڵامی سوخمەی جوانی
چەندە ژیک و میهرەبانی
هەر بۆ خۆم دەبنە میوانی
بەین و بەینەڵڵا زۆر جوانی

مەقام:
مانگی یەک شەو بۆیە دایم زیاد ئەکا و ئەشنێتەوە
تا جوانی خۆی وەکوو ڕووی تۆ بڕازێنێتەوە
تا دەگاتە چاردەهوم شەو تێ ئەگا ناگا بە تۆ
جا لە داخا وردە وردە کەم ئەکا و ئەتوێتەوە

غەریب ماوم هەر دەخوێنم
فرمێسکی چاو دەبارێنم
لە دونیا دڵ دەتارێنم
نەمرم لەو بەندەت دەردێنم

خۆم بە غولامی سوخمەی تازە
پێ بە پەردە میسلی قازە
میسلی ماری بێ ئیجازە
لە دڵی عاشق دەگرێ گازە

غەریب ماوم لە تارانێ
فرمێسکم دێ وەک بارانێ
کوشتەی تۆم خودا دەیزانێ
پێت لە سەر دوو چاوم دانێ

خۆم بە غولامی سوخمەی کۆنی
وەک مێخەکبەند دەڕوابۆنی
هاتووم بزانم چلۆنی
وێنەی شەمامەی بە بۆنی