شەوانە ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەی شەو
خەڵک نووست و لە چاوی من کەسەر دیسان ڕەواندی خەو
سکوتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیە دادەگرێ
دەڵێی هەر زیندەوارێکی هەیە لەم دێیەدا دەمرێ
تەک و تەنیا بە ئارامی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ
بە دڵتەنگی و کز و خەمناکی ڕادەکشێم لەسەر بەردێ
دەکەم جا سەیری ئەستێران و هەڵدەمژم شنەی شەوبا
شەو بێدەنگی چ خۆشە هەمیشە خۆزگە هەر شەو با
وەکوو ئاواڵی چاک ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم
هەتا بۆیان بەیان کەم موو بە موو ڕازی دەروونی خۆم
کوڵم هەڵدەستێ و ئەو جارە لەبەر دەردم دەناڵێنم
هەتا ئاگری دڵم دەکوژێتەوە ئەسرین دەبارێنم
شەوانە گەر نەکەم ئەو شیوەن و ناڵین و گریانە
دەسووتێنێ وجوودم ئاگری ئەم جەرگە بریانە
بەڵێ گریانی نیوەی شەو دەکا ناسۆری دڵ مەرحەم
کوڵ و کۆم دادەمرکێنێ و بەجێ دێڵێ دڵی من خەم
لەت لەتە جەرگم کەسەکەم بۆ دیارت نییە
بۆچی مەیلەکەی جارانت نییە