شۆڕش مەحموودی

مەجنوون

بە دەنگی: شۆڕش مەحموودی
شێوەزار: سۆرانی
338
مەجنوون لەبەرچی وا دەکەی مەقسوود و دەردی تۆ چییە
بۆ چوویە شاخ و کێو و کەژ کارت هەمیشە زارییە

سەد کیژی جوانتر لێرە هەن گەر مەتڵەبی تۆ جوانییە
شەیدا مەبە زاری مەکە دنیا سەراسەر فانییە

دێوانە نیم من عاشقم ها بەو دڵەم لەیلا ببینە
دەرمانی دەردم چارە کەن نێوی دڵم پاکی برینە

مەجنوون لە لەیلا دوور کەوە سەد کیژی شیرینتر هەیە
چاوباز و گەردن کێل و جوان ڕۆح سووک و دڵگرتر هەیە

بێهوودە خۆت ڕسوا مەکە مەقسوودی لەیلا تەفرەیە
جوانی نییە ئەی بێخەبەر تەگبیری تۆ بێ بەهرەیە

دەردی عیشق نازانی تۆ دەردی عیشق گەورە و گرانە
مەیدانی عیشق و عاشقی سووتان و گریان و فوغانە

نووری عیشق نابیندرێ هەر وەک ڕۆحی پەروانەیە
هەر کەس کە ئەهلی دڵ نەبێ مەجنوونی پێ دێوانەیە

عاشق بە دڵ شەیدا نەبێ سووتانی پێ ئەفسانەیە
مەردانی ڕێگەی عاشقی سەردادەنێن مەردانەیە

عاشق هەتا سەر دانەنێ ناگاتە ڕێی ئاوی حەیاتێ
مەردی دەوێ سەر دابنێ مەستانە بۆ ڕێگای نەهاتێ