ئیسماعیل ماملێ

کوردم ئەمن

بە دەنگی: ئیسماعیل ماملێ
شێوەزار: سۆرانی
284
گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نیم
ئاشقی کێو و تەلان دار و بەرد و بەندەنم

سەدان ساڵە
لە وێرانەی ماڵی خۆمدا
کتکەکۆرەی گۆشەی متبەقی سوڵتانم
سەدان ساڵە
حەوشوبەرەی خۆم واڵایە و
لە بەر دەرگەی دزانی خۆم پاسەوانم

کە من خوێن بم، کوا دەرفەت؟
یا من، یا مێروو
کە من خوێن بم، کوا دەرفەت؟
یا من، یا زێروو
نۆکەرن ئەوانەی پێم دەڵێن
خوێن و زێروو برای یەکن
نۆکەرن ئەوانەی پێم دەڵێن
مشک و جەواڵ برای یەکن

گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵێم
نۆکەریی بێگانە ناکەم تا لەسەر هەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە
لەت لەتم کەن، بمکوژن، هەر دەڵێم کوردم ئەمن
گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن