شێرکۆ بێکەس

گۆڕستانی چراکان - بەشی دووهەم

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
515
لە تاریکە شەوێکی هاوێنی 1988دا هەر لە ڕۆژئاوای «تۆپزاوا» بە چەند کیلۆمەترێ دوور دەحام لەسەر گردۆڵکەیێک ڕاوەستابوو. لەوێوە چاودێری هەڵکەندنی ئەو ڕیزەچاڵانەی ئەکرد کە چەند شۆڤڵێ بەردەوام لمۆزیان تێژەنیبوو. «قەحتان و عەدنان»یش لە دامێنا هات و چۆیان بوو. دەحام لە هەڕەتی هێز و گوڕ و سەرکەوتنا بوو. دەحام لەبەر خۆیەوە ئەیوت:
-ئێمە واهاتووین کە نەڕۆین!
[هەر] وەکوو چۆن شمشێر هاتە ناو خوێنەوە و ئیتر نەڕۆی!
ئەسپ هاتە ناو شاڵاوی قادسییە و یەرموکەوە و ئیتر نەڕۆی
باهۆز هاتە ناو دەنگی سوارچاکانەوە و ئیتر نەڕۆی
دیجلە هاتە ناو جەستەی ئەم عێڕاقەوە و ئیتر نەڕۆی
ئێمە وا هاتوون کە نەڕۆین
باز هاتە ناو ئەم ئاسمانی عەڕەبەوە و ئیتر نەڕۆی!
ئێمە وا هاتوون کە نەڕۆین
مانەوە لەناو تەماشای یەک بە یەکی ئەم خەڵکەدا
مانەو لەناو بێدەنگی و لە نادیارا و
لە چرپەچرپی زمان و جوڵانەوەی دەست و پەنجە و لە شەوگاری هەناسەدا!
هەموو شتێ بە ڕەنگی خۆمان ڕەنگ ئەکەین
ڕەنگی دوورگە، ڕەنگی سەرۆک، ڕەنگی قائید
ئاو و هەوا و شاخ و دەشت و دار و بەرد و [لەدایکبوون] و مردن و هەموو شتێ
بە ڕەنگی خۆمان ڕەنگ ئەکەین
هێز هێز هێز هێز
حەقیقەتێ لە یەزداندا و لە ئاسندا و
لەناو چەکدا و لە مستەکۆڵەی ئێمەدا
حەقیقەتێ لە ئاگرا
لەم ڕاجیمە و زرێپۆش و خومپارانە و لە لوولەی ئەم تۆپانەدا!
وەک ڕابردوو
ملمان کەچ کرد بە زریانی ئۆقیانوس تا پاردەی چین و
ئەندەلوسمان وەک موستیلە کردە پەنجەی مێژوومان و
دنیامان وەک ئەسپ زین کرد!
ئەبێ ڕابردوو بێتەوە بەردەممان و
خۆمان هەڵدەینە سەر پشتی و
بیئاژوین بەرەو ئایندە!
من ڕاوەستاوم لە مەجدا
سەرم لەناو ئەستێرەدا و
قاچم لەسەر تەپڵی سەری شاخ داناوە!
هەموو کێوەکانمان یخ دا
گەیشتینە دوا نوختەی بەرد و نەهێنی
ئاومان گۆڕی بەو شێوەیەی گوللە ویستی
بامان گۆڕی بەو شێوەیەی بۆمبا ویستی
وەرزمان گۆڕی بەو شێوەیەی قائید ویستی
مێژووی یاخیمان هەڵتەکاند
[بەو شێوەیەی] کە بارووت و تەقینەوەی باوەڕ ویستی
تەماشاکە وا ئیستاکە [نەک هەر خۆیان] کام چیایان زۆر بڵند و دانەوییە و لەسەر چۆکە!
وەختێ هاتم هەر لە ڕێوە من بەزەییم فڕێدایە چاڵێکەوە و
هەتا نەمرد بەجێمنەهێشت
هەر لە ڕێوە من فرمێسکم لەم چاوانەم قەدەغە کرد
هەتا نەمکوشت بەجێمنەهێشت!
لەم ساتەدا شەوەزەنگ ئەزرنگێتەوە
مانگ دیار نییە و هەر چاوی شۆڤڵ ئەبینێ و
هەر دەنگی شۆڤڵ ئەبیسرێ و وا ئێستاکە
من لەسەر گردێ وەستاوم
گرد نووزەی دێ و لە دامێندا
شەوقی تیژی شۆڤڵەکان
ڕیزەچاڵێ نیشان ئەدا
ڕیزەچاڵێ هەڵکەنراون
چاوەڕوانی پڕبوونەوەن بە حەرف و وشەی زمانێ کە غەریبن بە زمانم
بە دیرۆکێ کە [یاخییە لە دیرۆکم]
بەو سەر و دەست و قاچانەی
لە نەژادی مەجووسن و [لەم بەهەشتی ئەم] وڵاتەدا جێگە ناگرن!
لەسەر گردێ ڕاوەستاوم
گرد نووزەی دێ و
لەناو دەنگی گرمژنی
حەففارەدا، پاڕانەوە و
زریکە و قیژە و هاوار و
تا هاژەهاژی زەریاشی
تیا ون ئەبێ!

لە هاوینی ۱۹۸۹دا و لە ژێرزەمینی ماڵێکی شاری سلێمانیا شاعیرێکی گەنج، سەربازی فیرار، خەریکی نووسینی کۆمەڵێ لەو قیژە و زریکە پەرت پەرت و خۆڵاویانە بوو کە لە سەحرای عەرەبستانەوە هاتبوون و دوای ساڵێک گەیشتبوونە ژێرزەمینەکەی ئەم. بەداخەوە ئێمە لەو هەموو هەناسە و قیژە و زریکە و وێنە و ئاوێنە ورد و خاشانە، ئەم چەند نموونەیەمان دەسکەوت
یەکەم:
لەو بیابانەی خوارەوە
لە هەرجێیێک هێڵەکێ خۆڵ ببێژنەوە
لەسەر کۆزەری هێڵەکا
ئەبێ هەر وردەنینۆکی پەنجەیێک و
یان وردەئێسکی لۆلاقی
کوردێکی تیا بدۆزنەوە!

دووەم:
گوێچکەی شێعرم
زۆر پووکەپووک و کڕووزە و
ناڵەناڵی عومری خۆمی بیرچۆتەوە
بەڵام ئەوەی کە بەردەوام
لەناو گوێچکەی شێعری منا
دێت و ئەچێ و ئازارە و ئەزرنگێتەوە
زریکەی ژنە ئەنفال و کچەکانمە و
هەتا ئەمرم ئەم کاروانی زریکەیە
هەر دێت و دێ و دوایی نایە و
نابڕێتەوە...
سێهەم:
ئەو ڕۆژەی خۆڵ بێتە قسە و
بڵێن بدوێ و یان بنووسە و لە جیهانا
پێشبڕکێیە لە ئازارا
من دڵنیام ئەرزێک نییە لە دنیادا
خۆڵێک نییە لە دنیادا
ئەوەندەی کۆستی لای ئێمە جوان بنووسێ و
پڕ بێ لە شەوی زمان و
لە ئاخی کورتەچیرۆک و
لە ئەشکەنجەی شانۆنامە و
لە داهێنانی ناو مردن
من دڵنیام ئەگەر غەدرمان لێنەکرێ
نۆبڵی خوا
لە خەڵاتی مەرگەسات و بێکەسیدا
هەر ئەم کوردە وەریئەگرێ!
چوارەم:
تەنها وەختێ
کە خواوەندی تیا نوستبوو
حەقیقەتی تیا نوستبوو
ساڵی ئەنفالی ئێمە بوو!
پێنجەم:
لەو دنیا
کە قوربانییەکانی ئێمە هەڵەسنەوە و
ئەچنە بەر بارەگای خودا و
بە یەکەوە هەموو خۆیان ئەتەکێنن
ئەو تۆزەی لەوان هەڵەسێ
سەراپای عەرشی خواوەن و
پەروەردگار دائەپۆشێ!
شەشەم:
مێژوویێکە
هاوارمان هێندە تەنیایە
برینمان هێندە بێکەسە
تەنیایی لێمان بێزارە و
بێکەسییش لێمان وەڕسە!
حەوتەم:
شەوێک ئەسیاری هەناسەی
ڕۆژژمێری هەشتا و هەشت بووم
ئەمویست گۆڕیچەی بژمێرم
ئەمویست هەنیسکی بژمێرم
ئەمویست فرمێسکی بژمێرم
هەتا خودی ژمارە خۆی
هاتە جواب و وتی: چی ئەکەی!؟
منی ڕۆژژمێر ناوێرم
مەرگەساتی تۆ بژمێرم!
هەشتەم:
ئەڵێن ژنێکی گەرمەسێر
داویەتیە دەشت
بووە بە گڕەی بێ داڵدە و
بە تەوارێکی شێت و وێت
ئەڵێن بووە بە زیگاری
سەرقەبرانی باڵندەکان
بووە بە زێوانی گردی
دار چوالە جوانەمەرگەکان
خەڵکی ئەڵێن هەر کەس بە لایا تێپەڕێت
گوێی لێ ئەبێت
ژنە ئەڵێت:
زۆر جار شتم لێ ون بووە
جارێک مریشکێکی کونج و
جارێکی دی دوو جووجەڵە و
لە بیرم بێ دوو موستیلە و
دوو جاریش دوو پەنجا فلسی و
جارێکشیان کارژۆلەیێک
بە دوایانا من ناو ماڵ و ماڵە هاوسێ و
ئەم ڕێ و بان و دەشتانەیان بۆ گەڕاوم
بەڵام ئیستا من سۆمای چاوم ون بووە
من ڕوانین و من بیستنم لێ ون بووە
دەستەکانیان لێ دزیوم
کوولەکەی ڕۆحیان بردووم و
من ژیانم لێ دزراوە
من نازانم ئاخر کوێیان بۆ بگەڕێم!؟
نۆیەم:
چونکە ئەوان لەو دوورەن
چاوێک نییە لە منەوە نزیک بێ!
چونکە ئەوان زۆر تینوون
ئاوێک نییە لە منەوە دوور نەبێ
چونکە ئەوان پەژموردەن
شتێک نییە لەناو منا شین ببێ
چونکە ئەوان نادیارن
منیش دیارم نەماوە
دەیەم:
من هەر دانیشتووم
بەرامبەر شاتووی داوێن پەمەیی و
چۆلەکەیەک دێ و ئەنیشێتەوە و
لە جریوەیا هەواڵی پێیە
- هێشتا هەر ماون
سڵاویان هەیە!
من ڕاوەستاوم بەرامبەر هەوری
هەناو قەترانی و
دێتە سەر سەرم و گرمە گرم ئەکا و
هەواڵی پێیە
- وان لە شوێنێکا
منیش ناوێرم بە سەریا ڕەد بم!
من درێژبووم و «با»یەکی گێژی کراس خۆڵاویی
ئەگاتە لام و هەواڵی پێیە
- لە تۆپزاوان
هاوار هاوار و زریکە و قیژە
منی کەڕ کردوو
شەوانی ژانی ئەو هەموو ژنە
منی کوێر کرد و
وا بەم حاڵەوە
گەیشتوومە لات!
یانزەهەم:
هەموو جارێ
بە دۆڵەکەی ئەسحابانا
کە ڕەد ئەبم
درەختی سەر شەخسەقەبرێ
ڕامئەگرێت و دێتە پێشێ
بە چڵێکی تیز بە پاشمەوە ئەکات و
پێئەکەنێ و دوایی ئەڵێ:
گەوجە! ئەوەی لەبن منا ڕاکشاوە و
جارێک لووتی و
جارێکی تر تۆ قاچەکانی ماچ ئەکەی
گڵی ئەخۆی
خۆڵی ئەخۆی
یەکەم ئەستێرەت ئەم کوشتی و
یەکەم کانیت ئەم خنکاندی و
یەکەم خوێننامەی ئەنفالیش
بەدەم باگژەی لمەوە
ئەم بوو بەسەر مەزرا و ڕەز و
دەغڵ و ژن و شاخەکانی تۆدا خوێندی!
دوانزەهەم:
لەو ساڵەدا
لە جێی کولانەی داڕووخاو
سەگەکانی ئەو گوندانە
لانکە و بێشکەی بەجێماوی مناڵانی ئێمەیان کرد بە کولانە!
سیانزەهەم:
لە خوار کفریژنێک هەیە
لە چاوانیا و لە بینینیا
سێ ڕەهەندی تیا نەماوە
نە ڕۆژهەڵات نە خۆرئاوا و نە لای باکوور
لەوساکەوە چاوەڕوانە
هەموو ڕۆژێ دێتە دەرێ و
لەبەر دەرگا دائەنیشێ و
چاو ئەبڕێتە
ئاسۆی دووری
تەنها ڕەهەند
دەشتی باشوور!
چواردەهەم:
درەختەکانی گوێ سیروان
زۆر بە دەگمەن خەو ئەبینن
بەڵام ئەگەر خەویان بینی
تەنها یەک دیمەن ئەبینن
هەڵکێشان و بڕینەوە و
گواستنەوەیان بۆ بیابان!
پانزەهەم:
دنیا بە باڵای ئەم کۆستەی
خۆم ئەپێوم
لەهەر کوێوە یان هەر کەسێ
فرمێسکێکی بۆ ناردبم
ئەیخەمە چاوی ڕۆحمەوە و
تا هەتایە هەڵیئەگرم
ئەوەی یەک قسەی کردبێ
بۆ ئەم هۆڵۆکۆستی غەدرە
من سەد پەیڤی خۆشەویستی
بۆ ئەنێرم
بەڵام ئەگەر خوداوەند و پێغەمبەر و یەزدانیش بێ
خۆی لادابێ لە بینینم
نە ئەیبینم و نە من گوێشی بۆ ڕائەگرم!
شانزەهەم:
ئەنفال... ئەنفال
ئەگەر ئەم ئاوەکوژراوە
یەک بە یەکمان نەیخۆینەوە
لە خۆشەویستی سەرچاوە و
لە خۆشەویستی ئاو ناگەین
ئەنفال... ئەنفال
ئەگەر ئەم ڕەنگە کوژراوە نەپۆشین و
ئەگەر ئەم هەوا خنکاوە هەڵنەمژین
کەسمان ناژین
حەڤدەهەم:
لەو ساڵەدا
سەگی بیابانی خواروو
گورگی بیابانی خواروو
بە تازەیی
ئەوەندە کوردیان خواردبوو
خۆیان لە کۆنە بەرماوەی
قەل و داڵ و
لە لاکی تۆپیو لا ئەدا
لەو ساڵەدا
هەژدەهەم:
من ناهێڵم ئەم گریانە هەرگیز هەرگیز ڕەنگی بچێتەوە
من ناهێڵم ئەم مردنە ژیان بیری بچێتەوە
من ئەم زوڵمە
لەناو شووشەبەندی شێعرا
دائەنێم بۆ:
ئەو زارۆکەی
دوای چەند قەڕنێ دێت و ئەزێ و
لە ڕەحمی ئەم وڵاتەوە سەر دەردێنێ و
ئەلف و بێی چرا فێر ئەبێ و
ئەم غەدرە ئەخوێنێتەوە!
نۆزدەهەم:
تا ئەتوانم ئەم دووکەڵە درێژ درێژ ئەکەمەوە
بۆ ئەوەی چاوی ئایندە پڕ کەم لە ئاو
تا ئەتوانم ئەم قیژەیە درێژ درێژ ئەکەمەوە
بۆ ئەوەی گوێچکەی داهاتوو
پڕ کەم لە گڤەی زایەڵە و
لە وردەناسۆری شکاو
بیستەم
کە جۆگەلەیان تیرۆر کرد
لە عەزرەتا هەرچی گوڵ بوون لە هۆش خۆ چوون
وەختێ گوڵیشیان تیرۆر کرد
لە عەزرەتا هەرچی مەلە نابینا بوون
کاتێ مەلیشیان تیرۆر کرد
لە عەزرەتا درەخت هەموو بوورانەوە و هەندێ مردن
کە درەختیشیان تیرۆر کرد
ئەوسا ئیتر هەرچی شێعرە
لە فڕین و لە باڵ کەوتن!
بیست و یەک:
بەربەریەکان!
لەم گۆڕانە سامناکتریان
لە ناخمانا هەڵکەنووە
کەس بەشوێنیانا ناگەڕێ!
ترسناکتر لەسەر زەوی
دەیان ساڵە لە گۆڕەکانی دەرووندا
گوڵی سپیی خۆشەویستی و
کۆترەکانی لێبووردن و
هەنگی ماچ و
بەهای ڕەوەشتیان ناشتووە
کەس بە شوێنیانا ناگەڕێ
بیست و دوو:
لەم وەرزەوە
چاوی زەردی پێڵو سپی
کێڵگەی گوڵەبەڕۆژەکان
ڕوو ناکەنە نیگای خۆر و
لەگەڵیا ناسووڕێنەوە
وەکوو جاران
ئەوان ئیستا مل کەڵەگەت
هەر تەماشای ڕێی قافڵەی
بەرەو خواری یاران ئەکەن
بەڵکوو لەناکاو بێنەوە و
ئەوسا ئیتر بەر لە خەڵکی و
بەر لە درەختی لەش قورسی
گوێ جۆگەکان
ئەمان یەکە یەکە ڕاکەن
مژدە بەرن بۆ ماڵەکان!
بیست و سێ:
لە بەسرەدا
نزیک پەیکەرەکەی «سەیاب»
لە ئاهەنگی تاج و نەجمە و
سەمای بێری و
سەرخۆشبوونی دەمانچەدا
لەو شەوەدا
مێرگێ لە کچە سەبایەی شاخەکانیان
هەڵڕشتە ناو هۆڵێکەوە
هۆڵ ڕووناک و
کچ تاریک و
بۆ بژاری مێرگی غەمگین
چەند نەجمەیەک هاتنە پێشێ
لەسەر مێزێکی خەواڵوو
چەقۆیەک و سەبەتەیەکی پڕ لە هەرمێ دانرابوون
چەند نەجمەیێک هاتنە پێشێ
دەمانچەیێک پەلی یەکەم هێرۆی گرت و
ویستی لەگەڵ خۆیا بیبات
بۆ ژوورێکی چۆڵی سەرێ
لە پڕێکا گوڵە هێرۆ
کە چەقۆی دی هەڵیگرت و
چەقاندیە سەر هەرمێی دڵی و
خوێنی سپیی بوو بە فوارە و
بە لووزەوێ هاتە دەرێ
لەسەر سەکۆکەی دەرەوەیش
بینییان وا باڵای سەیاب
گوڵە هێرۆ تێی ئەڵاوە و
لقی دەستیش وا خەریکە هەرمێ بگرێ!
بیست و چوار:
من ئەم داستانە تازەیەم
بە ڕەنگی قاوەیی کاڵی
ئەو مەرەکەبە نووسیوە کە خۆڵەکەیم لە گۆڕی بەکۆمەڵ و
ئاوەکەیم لە فرمێسکی تازە و گەرمی چاوی ژنەوە هێناوە
خەم و تەمی گیراوەیە!
ئاخر ئەم مەرەکەبەی من
ئەم قوڕاوە
نە لە شێوەی مەرەکەب و
نە لە جاف و نە لە سۆفت و
نە تەباشیری ئێوەیە
وشک کات و ببڕێتەوە و
یاخود لەپڕ نووکی بشکێ
لەم مەرەکەبە تازەیە هێندەم هەیە
کە گۆمەکانی ناژمێردرێن
بەم مەرەکەبە تازەیە
ئەگەر هەموو داری وڵات ببنە نووسەر و شاعیر و پێی بنووسن
هەڵگورد ببێ بە ڕۆمان نووس پێی بنووسێ
وشک ناکا و دوایی نایە و
خەفەتێکە، نووکی ناشکێ و
لە نووسینا قەت ناوەستێ!
بیست و پێنج:
ئەگەر لە سەحرای خوارەوە
لە شەوێکا چاوتان کەوت بە ڕیزە بریسکە و ترووسکەی گوڵ ئەستێرە ڕوو لە چپا
دڵنیا بن
ئەوە هەموو زارۆکەکانی ئێمەن و
ئەگەڕێنەوە بۆ ئێرە
ئەگەر ڕۆژێ لەسەر فورات یاخود دیجلە
پۆلەنەوڕەستان چاوپێکەوت بە پێچەوانەی ئاوەوە
سپیی سپیی بەرەو گۆیژە باڵ لێکدەن
دڵنیا بن ئەوە کیژەکانی ئێمەن
بە دەم بەستەی «هەی بەلار و بەلارە»وە
ئەگەڕێنەوە بۆ ئێرە
ئەگەر جارێ ڕێتان کەوتە ئەو کەنداوە و لە بازاڕی نەختینەدا
دانەی گەوهەر و مرواری و دوڕتان بینی
ئەوە چاو و ئەوە لێو و
ئەوە گۆی مەمک و سەرپەنجەی فرۆشراوی کچی ئێمەن
شەرم ئەکەن و
سەیر ئەکەن و
ناجووڵێن و جارێکی دی
ناگەڕێنەوە بۆ ئێرە!
بیست و شەش:
یەکەم شەو بوو
لەناو لمی عەرعەرەوە
دەستێک هاتبووە دەرەوە
هێشتا بازن لە مەچەکا زڕەی ئەهات
هێشتا خەنە لەناو دەستا پێئەکەنی و
موستیلەیێک لە قامکدا ئەیجریوان
یەکەم شەو بوو
لە لمەوە دەستێک هاتبووە دەرەوە
لەو شەوەدا
ناو لەپی دەست بووبوو بە دەم
ئەویش بۆ تەنها هاوارێ
کە هەر لە ڕێگە ئەمرد و
نەئەگەیشتە گوێچکەی سەرێ
خودایە بۆ!؟
بیست و حەوت:
لەوێ بای سەحرا هەڵیکرد
لە گۆڕیچەی مناڵەوە
«وەکوو تۆوی گوڵی دەم با»
«با» برژانگ و
«با» خەنینەوە و گریان و
«با» پەڕەی گوێ و
«با» تاڵەمووی قژی هێنا و
لە سینەما گیرسانەوە و
ورد ورد لەناو دەنگما ڕووان
ئەی نابیبنن
وەختێ شێعر ئەخوێنمەوە
جار بە جارێ
کە ئەکۆکم یاخود هەناسەم سوار ئەبێ
وەک قەڵەمەکەم پێم ئەڵێ
لەبەر عومر و یان جگەرە و
سەهۆڵاو و سەرما نییە کە وام لێ دێ
ئەوە پەنجەی خرپنۆک و
ئەوە بیلبیلەی بزێو و
ئەوە کوڵم و ئەوە سەری بوکەشووشە و
ئەوە نوقڵ و ئەوە مەساسەی ئەوانە
لەبەر بینم ئەگیرێن و
ئەیانەوێ بێنە دەرێ!
ناردنی دەق: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد