
من لە دواوە دەسم گرتووە بە پرچی «کاڵێ» و هەردووکمان بەناو خەیاڵێکی شینا ئەفڕین و ئەو لەسەر گێڕانەوەی یادداشتەکانی ڕۆژی حەشر بەردەوامە!
- قافڵە بوو
پەنجەرەی ماشێنمان کوێر و دنیا ون و هەر خۆمان خۆمان ئەبینی کات بزر بوو، شوێن بزر بوو
شەو بزر و ڕۆژ بزر و پەیڤین لەگەڵ یەکا بزر! لەش
ئەتوت توێکڵە هەناری کۆن و وشکە و دەم پەڵاس و هەناو کوولەکەی بەتاڵ و ئەندێشەمان شریتێکی پچڕپچڕ. جۆڵانەوە بە ئاستەم و گەر پێی ڕاستت لە پێی چەپت بکەوتایە دائەچڵەکیت. ترسمان وەک مریشکەکڕە لەسەر دەقیقە و سەعاتی ئەم سەفەرە کڕ کەوتبوو. سەفەر نادیار، دیواری تەم لە مابێنی ئەو مەنزڵە و ئێمەدا بوو. کامە مەنزڵ!؟ کەس نایزانێ و پرسیار ئەبێ لە ناو خانەی بێدەنگیا ڕاکشێت و بۆ خۆی بمڕێ! دەوڵەت لە ناو ماشینێکی داپۆشراوا، بە تەنها هەر دەم و چاوی بێدەربەستی عەسکەرێکی خەواڵوو بوو «ئەرێ ئەمیش دایکی هەیە!؟ کچی هەیە!؟ کوڕی هەیە!؟ خەو ئەبینێ یان نایبینێ!؟ بیری پێخەفەکەی ئەکات!؟ بیری حەوشەی ماڵەکەیان!؟ بیری ژنێ!؟ بیری تەیرێ!؟ بیری گوێلکێ یان مەڕێ!؟ ئەرێ ئەمیش خەمی گەڕانەوە ئەخوا بۆ لای یەکێ!؟ بە خۆشەویستی ئاشنایە!؟ زیننەوەرێکی خۆش ئەوێ!؟ ئەم سەفەرەی بیر ئەمێنێ!؟»
ماشێن زەمان ئەجنێت و کات قووت ئەدا و ڕێگای درێژ هەڵئەلووشێ ئەڕوا و ئەڕوا هەر بەرەو خوار، جادە گێژ و ئەم وڕەی دێ و هەر وڕەی دێ. ڤڕەڤڕی تەنی ئاسن ڕوو لە باشوور، ئارەق بە خەیاڵ دەرئەدا و ترس و لەرزیش دائەگیرسێ، یادگاریش وەکوو چاوانی پشیلەی ناو تاریکایی ناو بە ناو بریسکەی دێ. لە زیکەزیک و وڕەدا وام هەست ئەکرد، من گوێم لە دەنگی تر ئەبێ: گەڤینی سەگەلی ناو دێ
گارەگاری مریشکەکان
سووڕانەوەی بەرداشی ئاش
یا خود هۆرەیەک پەرت پەرت و یا خود قیڕەی قەلەڕەشێکی ئێواران یا دەنگی تەڕی پیاوەکەم لەبەر باران یا خود شەوان لوورە لوورەی ڕەوە گورگ و یا خود گچگچەی پژاڵی ناو دارستان یان خولانەوەی باگردێن لەسەر سەربان یان دەنگی سمی وڵاخی سەر ڕێی زاخان ئۆهـ پیاوەکەم! «ئەم شوفێرە سەروکەللەی لە پشتەوە هەر لەو ئەچێ»
ئۆهـ پیاوەکەم! ئەهاتیتەوە لە ناو ڕان یان لە مەزرا و لە کێڵگەوە، تا ناوقەد تەڕ، بۆنی پونگە و بۆنی خوری و بۆنی ڕێحانەت لێ ئەهات وەختێ بێڵەکەت دائەنا، لە پێش خۆتا بۆن و بەرامەی گڵ و گیای بەر یەکەم بارانی دنیا، ئەهاتە ناو ماڵەکەوە منت ئەدی و ئیتر هیلاکیت ڕاو ئەنا
دائەنیشتی و هەر لەسەر لا سەرت ئەبردە ناو بێشکەی نۆبەرەوە. خەنینەوەی مناڵەکە و ماچەکانت، منیان ئەکرد بە گوڵ خەندەرانێ لەوێ. قاپێ دۆکوڵیوی گەرم لەبەر دەمتا و سەر بە هاڵا و میلی ڕادیۆکەت بائەدا و مێرگیلانی حەسەن زیرەک، بە شەونم و بە کەنێر و بە قوڕی ژێر بنچکەوە، ئەهاتنە سەر بەڕە و لباد.
تێرت ئەخوارد
ئەوسا ئیتر زەوقێکی شین لە ناو چاوتا ئەیجریوان. کە پڕ ئەبووی لە هەوەس و لە پیاوەتی، سەرت ئەکرد بێ ئۆقرەییت بۆ هەڵوەدای ناو ئامێزم تیا ئەپژا
من ئەمزانی و ئەچووم دەرگا تەنەکەکەم پێوە ئەدا
ئیتر ئەوسا هەڵئەسایت و بە هێواشی مەچەکی ڕاستت ئەگرتم و کەمێ پێش خۆتت ئەخستم و ئەتبردمە سەر دۆشەکەکەی یەکەم شەو و ئیتر ئیتر ئیتر... گەلێ جاریش لەو ساتەدا
هەر بە «با»یەکی ئەسپاییش جەستەی تەنەکەی دەرگاکە زیکەزیکی لێوە ئەهات! ئۆهـ پیاوەکەم! تۆ تاباز بووی لە باوەشتا ئەتوت ئاسکی شل و ملم لە ئەوەڵدا هەناسەمان سوار و گەرم و لە دواییشدا ئەبوو بە پرووکەی بەفر
ئۆهـ پیاوەکەم! ئەبێ ئیسە لە ئامێزی کام ئاگر و زیگاری کام مەینەتی بی؟ ئەبێ ئیستە تۆ لە کوێ بی!؟ مناڵ لە کوێ و بێشکە لە کوێ و مریشکەکان و جووجەڵە و گۆرانییەکانی زیرەک و پێکەنینی دار و بار و دۆشەکە و دەرگای تەنەکە لە کوێ بن!؟
ئۆهـ کۆرپەکەم
لەو ڕۆژەدا، لەو کۆستەدا، دایکم بووبوو بە باهۆزێ
زەرد و شێت و لە تاوانا بە بێشکەوە «لاس»ی فڕفان. -بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟
بۆ دەر و دەشت. بۆ ئەشکەوتێ. بۆ بن بەردێ. بۆ لای خودا! -بەڵام دایە ئەوان لە هەموو شوێنێکان!
کات و جێگە، شەو، ڕووناکی، دەر و دەشت و دارستان و شاخ و کێڵگە و کوێرەڕێگە! ئەوان لە هەموو شوێنێکان لە ناو ئاودان، لە هەوادان
ئەوان زەمانیان گرتووە چاوی ڕۆژگار و دەستی دەقیقە و سەعات و قاچی چرکەیان بەستووە
ئەوان زەمانیان گرتووە بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟
ئەوان زەمینیان لەگەڵە
ئەوان ئاسمانیان لەگەڵە
ئەوان لە پەنجەی خۆمان و ئەوان لە چاوی خۆمان و لەم زمانە و لەم جامانە و لەم جلانە و لەم دەشتانە و لەم شاخانەیان لەگەڵە
ئۆهـ کۆرپەکەم! گەر تۆ بەرن! لە پاکژی و لە ساوایی تۆ تێئەگەن؟ خەنینەوەتیان خۆش ئەوێ؟ لە ناو چاوتا کە لە زنەی ئاو ڕوونترە و لە نمەی شەونمیش پاکتر، لەو چاوەدا بێگوناهی ئەوخوێننەوە؟ بە گچکەیی خوا و خۆشەویستی ئەبینن، وەک هەموو جارێ ئەمبینین!؟
ئەوان لە یاری ئەزانن؟
یاری لەگەڵ هەردوو دەستی خرپنۆکت و کردنەوەی مشتی نووقاوت و لەرانەوەی غەبغەبەت و هەڵدانت بۆ بەرەوژوور و گرتنەوەت و ئەوان لە یاری ئەزانن؟ ئەوان پێکەنینیان هەیە؟ ئەی ئەوان فرمێسکیان هەیە؟ قەت چاوەکانیان تەڕ بووە؟
ڕوومەتی خۆیان سڕیوە؟ خەو ئەبینن؟ خەویان بینیوە تیا ببن بە چۆلەکە و بە ناو هەوای ڕەنگاوڕەنگا بفڕن؟ خەویان بینیوە تیا ببن بەو وردەماسە جوانانەی هێواش هێواش لە بندیندا دێن و دەچن و ئێسک سووکن و لە تۆ ئەچن؟ ئۆهـ کۆرپەکەم! ئەوان گوڵەگەنم و گەنمەشامی ئەکوژن و نانیش ئەخۆن! ئەوان جۆگەی ناو باوەشی شاخ ئەکوژن و بەڵام ئاویش ئەخۆنەوە! ڕەنگ ئەپۆشن و ئەشیکوژن! ئەوان ناویان محەمەد و ئەبووبەکر و عومەر و عەلی و عوسمانە و ناویان حەسەن و حوسەینە و بەڵام لە پێش گشت ناوێکا ناوەکان و نوورەکانی خوا ئەکوژن
«بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟»
ئەوان ئەتوانن بچنە ناو کون بە کونی کاتژمێر و هەناسەوە و «با» دەستگیر کەن! «بۆ کوێ دایە؟ بۆ کوێی ئەبەی؟» ئۆهـ کۆرپەکەم! تۆ ئیساکە لە ناو باوەشی گریان و لە ناو هەنیسکی نەنەدای!؟ یان لە بەردەمی سیسارک و داڵەکانا!؟
ئۆهـ کۆرپەکەم!
لەبەر چاومە گەورە ئەبووی وەک باوکت دەنگ خۆش دەرئەچووی
وەک باوکت عاشق دەرئەچووی
ئەچوویتە سەر ملەی «شاهۆ» تێت ئەچریکان، عەلی ئەسغەر ئەهاتەوە و ئەحەپەسا
ئەچوویتە سەر «پیرەمەگروون» تێت ئەچریکان کچە کافرۆش ئەهات و شەیدات ئەبوو لەگەڵ خۆیا ئەیبردی بۆ سەکری سەکران
بە جووت لە ناو لۆکەی هەورا ڕائەکشان
ئەبوو بە وەرزی ڕامووسان
لە ناو ماچا هەنگ شانەی دروست ئەکرد و پەپوولە باڵی ئەگرت و خۆشەویستی دائەگیرسا
گەورە ئەبووی گڵۆپی شار ئەیبردی بۆ ژووری خوێندن قەڵەم دەستی ئەگرتیت و لەسەر کورسی خۆر دایئەنایت کتێبخانە پێش دەکەوت دنیای پێ لەبەر ئەکردی
بەحری پێ لەبەر ئەکردی گەورە ئەبووی سواری تەیارە ئەبوویت و زمانی ئەستێرەی دوور و زمانی چین و ماچین و زمانی مەل و باڵنە و زمانی سیحریش فێر ئەبووی
لەوانە بوو
فریا کەوی بە چاوی خۆت پلیکانەی تیشک ببینی چۆن ئەچێتە سەر کێوان و
لەوانە بوو ئاو ببینی بریق و باق بە هەورازا سەر بکەوێ و لەوانە بوو، بە چاوی خۆت خەو ببینی هاتۆتە دی و هەر دوو بەری شەقامی قیر؟؟؟* چراخان و چرایش هەتا ناو ئەشکەوت و تا ڕەوەزی هەڵۆکان و ڕکەی بزنەکێوی ئەڕوات
لەوانە بوو، فریا کەوی بە چاوی خۆت لە زەمانێکی سپیدا، خاڵە «سالار»ت ببینی بە بەرگی گوڵە ژاڵەوە جارێکی دی هاتۆتەوە و دەستی ڕاسی لەسەر شانی «حەمە ڕەش» و بە دەستی چەپ سڵاو لە گەرمیان ئەکا! لەوانە بوو! ئۆهـ کۆرپەکەم ئای عەشقەکەم. ئای شووەکەم. من ئاوێنە و تۆیش لە ناوما دێیت و ئەچی. هەر لە بیرمە بۆ یەکەمجار
لە دروێنەی گەنم و جۆی بەر مانگەشەوا یەکمان بینی ئەو شەوە مانگ لە تەوقەسەری بەمۆدا لەسەر چیچکان دانیشتبوو هەرچی چرایەکی هەبوو بەخۆیا هەڵیواسیبوو خڕ و گەورە ئەتوت سینییەکی تازەی زیوە و درەوشەدار هێند نزیک بوو، ئەگەر دروێنە نەبوایە، پشتم ڕاست ڕاست دەکردەوە و ئەچوومە سەر نووکی پەنجە و دامئەگرت و ئەمدا بە تۆ یەکەمجار بوو، عەشق بێت و پڕمان بکا لە شەونم و لە تریفە و لە تریقەی پێکەنینی گوڵە هێرۆ دروێنە بوو
مەڵۆی ئێمە و شارای ئێمە لە هەموویان گەورەتر بوو، چونکە ئەوان هەر دەستەکانی خۆیانیان لەگەڵا بوو بەڵام عەشق، دوو دەستی تازەی ئێمە بوو ئەوان هەموو هیلاک هیلاک بەڵام عەشق لە ئێمەدا سروەیێکی بەردەوامی حەسانەوە و کلووی بەفری ئارەقسڕ بوو! ئەوان هەموو، پەلەیان بوو
بەپەلەتر لە گەڕانەوەی باڵنەی پێش تاریکی بۆ هێلانە
بەپەلەتر لەو هەورانەی ڕائەکەن و کۆڵەپشتیان پڕ لە بارانی پەڵەیە و عەرد خەمیانە ئەوان هەموو خواخوایان بوو چی زووترە، وەخت وەکوو کەفەژیکلە بتوێتەوە و داسەکانیان فڕێدەن و بڕۆنەوە بەڵام تۆ و من خواخوامان بوو زەمان وەکوو گای ناو خمخۆرک بچەقێت و داس لە دەسمان نەبێتەوە و دەغڵی دروێنەکراویش لە دوای خۆمان جارێکی تر بڕوێتەوە پێشکەوتبووین، گەیشتینە ناو پەڵەیێ دەغڵی هەڵچووی هەتا بەرسنگ قامک بزێو تۆ ئاوڕێکت دایەوە و نەتهێشت ئەو دەرفەتە بمرێ
بە ئەسپایی ڕاتکێشام و شەرمی دەغڵمان شکاندوو، دوو مامزی نێر و مێ بووین لەسەر ئاوریشمی مانگەشەو ڕاکشاین و چاومان نوقان ماچێک لە سیروان درێژتر ماچێک لە گۆمەکەی دەربەنیخان قووڵتر هەر بردینی و هەر بردینی و تا لە خەرمانەی ناو مانگا گیرساینەوە لە پڕێکا چەند جارێ لەسەریەک پژمینی پورە نازێ کە لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو دایچڵەکاندم و هێنامیەوە ناو ماشێنەکە. لەم ساتەدا سەرنجمدا، عەسکەرەکە چەکەکەی هەڵبڕیووە و لە نزیکەوە لە لوولەکەی ورد ئەبێتەوە، لەم چەکی کڵاشینکۆفەیش لای ئێمە زۆر بوو، بەڵام ئێستا... ئێستا لە ناو چرپە ئەیانوت: هەندێ دەس و هەندێ چەکی کوڕی بەردی «پیرەمەگروون» ماونەتەوە
بڕێ لە برینی نەسرەوت بڕێ لە سروودی بەفر
هەندێ لەوانەی کە ڕۆحیان، وەک پارچەنان و ئاوێنە و نوقڵی شێعر و ڕەسمی هاوسەر و مناڵیان خستۆتە ناو هەگبەی پشت و لەگەڵ سووتوو و خۆڵەمێشی بەجێماوی خەم و ئەوینی ئێمەدا ماونەتەوە! ئازاریان چۆڵ نەکردووە گریانیان چۆڵ نەکردووە خەزانیان جێنەهێشتووە دووکەڵیان جێنەهێشتووە ماونەتەوە لەگەڵ هەتاوی بریندار... لەگەڵ تەنیایی سێبەرا... لەگەڵ نەمامی بێ باوک... لەگەڵ بنچکی بێ دایک... لەتەک گۆمی حەپەساو و لە تەک داری سەرسوڕماوا ماونەتەوە! لە ناو چرپەدا ئەیانوت: لە هەندێ کەژ گوڵ لە مەرگا ڕواونەتەوە هەواڵی فیراریش ئەیوت: هەندێ درەخت گڕیان لە خۆیان بەرداوە و یەکەم مەفرەزەی مەشخەڵن و لە سنوورەوە بە دزی دەیجوورەوە بۆ زەڵم گەڕاونەتەوە لە ناو چرپەدا ئەیانوت: چرپە ئەترسا لە چرپە و گومان داوی ئەنایەوە بۆ گومان و بەڵام ترووسکایی مۆمێک لە ناو قسەدا ئەسووتا لە کوولەکەدا ئەیانوت لە ناو چرپەدا ئەیانوت: نە یەک نە دوان و نە سەدان
لەو دەوروبەری «لەیلان»ە بانگی شێوان «مامە ڕیشە»یان بینیوە هاتووەتەوە ئەستێرەیێکی بچووک لە سنگیا شەڵاڵ بە جریوەی سوور و لەسەر دەفەی هەردوو شانی گوڵە کێویلە ڕواوە و ناو کاکۆڵی پڕ پەپوولە و لە ناو ڕیشیا گوڵ ئەستێرە ترووکاوە! بینیویانە هاتووەتەوە
ئاخر خۆ دەربەند باسەڕە و داری قۆپی و کەوەکانی ناوچەی شوان و دەشتی حەمک درۆ ناکەن! بینیویانە و هاتووەتەوە
هەر لە ڕێوە لایداوەتە «تەنگی سەر» و ژێر کەپرە کەسکەکەی «ئارام» لەوێشەوە چەند بولبولێ دەلیلی بوون وەرچەرخاوە و سەریداوە لە باخچەکەی «عەلی مەردان» بڕوا بکەم!؟ بڕوا نەکەم!؟ نا نا نا نا! هەر ئەبێ هاتبێتەوە! کە باران بگەڕێتەوە گوڵی دار هەنار بێتەوە! ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ کە دوو چاوی کوێرەکانی ترووسکایی بۆ بێتەوە ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ کە شمشاڵ گەڕابێتەوە بۆ بەرقەدی خەمەکانمان! ئەی ئەم بۆ نەگەڕێتەوە!؟
کە «با»ی وەشت گەڕابێتەوە
چووبێتەوە ناو باخەڵی دارستانێکی بێتاقەت! ئەی ئەم بۆ نەگەڕێتەوە!؟ کە مەرەکەب چووبێتەوە بۆ ناو پاندانەکەی «بێکەس» ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ کە سدارەکەی «پیرەمێرد» گەڕابێتەوە لای سەری شێعر و چیرۆک ئیتر ئەم بۆ نەیێتەوە!؟ هاتووەتەوە! ڕەنگە ئێستا لە کاولاشەکەی ئێمەدا هەتاوێ بێ و لەسەر بەردێ دانیشتبێ ڕەنگە بووبێ بە کەڵێکی گوێ کانییێک بە گلۆپی سەر شەقامێ لە کەرکووکا ڕەنگە لەپڕ ببێ بە دەنکە چوکلێتێ لە ناو مشتی مناڵێکا هاتووەتەوە! هاتووەتەوە و لەوانەیە ساتێکی تر یان هەر ئێستا وەک چەخماخە و موعجیزەی خوا لەم شوێنەدا پەیدا ببێ و پێش بە ماشێنی دۆزەخ و ئەم قافڵەی ڕێی نەهاتەی ئێمە بگرێ فریادڕەس بێ و نەجاتمان با! -قافڵە بوو
من خۆم ڕەزێکی وێران و سەر هێشوویەکی قرپۆکی ناو کۆشم بوو. کوللەیەک هاتبووە ژوورێ و بە داوێنمەوە نووسابوو! لە کوێوە هات!؟ کوللەیەک بوو، زەردێکی کاڵی پووشوویی قاچی درێژ، ڕیشاڵی ورد، سەری درێژ، چاوی خۆڵین. لە کوێوە هات!؟ چۆن تێپەڕی و هاتە ژوورێ!؟ شێوەی ئەکەم
ناسیمەوە
هێشتا کچ بووم نیوەڕۆیەک ڕەوەکوللە بەری دڵ ئاسمانی گرت ڕووناکی کەوتە گیانەڵا و کوللە چاوی گوڵەگەنمی هەتاوی خوارد هەورێکی زەرد. سێبەری زەرد. کەوتە دەشت و کەوتە شاخ و هەموو دەرگامان پێوەدا! وتیان کوللەی بیابانە و ئافاتێکە لە ناو لمەوە هاتووە و لە دۆزەخەوە باڵیگرتووە و تاعوونێکە و هاتۆتە سەر ناوچەکەمان! کوللەیەک هاتبووە ژوورێ! لە کوێوە هات
زەردێکی کاڵ بۆ خوا چییە منیش بکا بە کوللەیێک لەگەڵ ئەمە بچمە دەرێ! بەڵام کوللە نەچووە دەرێ لە پڕێکدا لەسەر داوێنی منەوە بەرزبۆوە و بەناو هەموومانا ڕۆیشت و لەسەر پشتی دەستی ڕاستی عەسکەرەکە ڕێک نیشتەوە ئەو داچڵەکی و بە دوو پەنجەی دەستی چەپی کوللەی گرت و لە پێشا باڵی دەرکێشا و لە دواییدا ئەویتری فڕێدایە ژێر پێیەوە! نەحس
نەحس بوو ئەم ڕێکەوتەیش و کوللە کوژرا و لە دەرکێشانی باڵەوە تا کوشتنی چارەنووسی هەر هەمووانم تیا بینییەوە! قافڵە بوو
خەیاڵ و ئاو
خەیاڵ ئەڕوا و ماشێن ئەڕوا و ئاو هەر نەبوو
ئاو هەر نەهات نە قومێ هات نە تنۆکێ! کوێربوون لە ناو تینویەتییا هەر وڵاتی خۆی ئەبینێ! وا ئەبینم عەسکەرەکە زەمزەمیەکەی لە لاقەدی ئەکاتەوە، زاری گەورەی بۆ بەرەوژوور دائەپچڕێ. چەند قومێکیش بەسەر سینەیا ئەڕژێ، ئەو ئەڕژێ و من کوێر ئەبم. خەیاڵ و ئاو، لە پاش قەیرێ خەیاڵ مردوو ئاو هەر نەهات. نە قومێک و نە تنۆکێ. دنیا ون و کات بزر و بەڵام ئیستا بۆنی لم و بۆنی کوللە و بۆنی سەحرا و چۆڵەوانی و بۆنی هەوای ڕقاوی دێ شۆفێرە سەربازەکە بەردەوام چاوی بڕیبووە ڕێگای درێژی بەردەمی و دەمێکیش بوو بێوچان لێی ئەخوڕی لە ماوەی یەک ساڵی جەنگا دوو برای و دوو ئامۆزای لە شەڕەکانی دزفوول و شووشا کوژرابوون. زۆر لە دوور و لە ئاسۆیەکی تەڵخا سەرەتای هەڵکردنی گێژەڵووکەیێکی بیابانی بەدیکرد.
بیری ئەکردەوە، شۆفێرەکە بیری ئەکردەوە
خۆی لەگەڵ خۆیا ئەدوا
لە دڵی خۆیدا ئەیوت: «ئەترسم ڕۆژێ دڵی خۆم، دڵی کەس نە هەر دڵی خۆم وەختی نووستن، یان لێخوڕین کاتێ ئەڵێم کە من هیچ ئاگام لەو نەبێ فرسەت بێنێ و لە ناو قەفەزەی سنگمەوە بە پێ دزکێ و بە بێ خشپە خۆی قوتار کا و هەڵبێ و بچێ لە دەرگای دڵی عەریف «سائیر» با و ئەویش بڵێ فەرموو ژوورێ و لەسەر کورسی حەوتی نیسان دابنیشێ و ئەوسا خەبەرم لێبا کە ناوبەناو لە کونی کونی ژوورەوەی ناو دەروونما من چی ئەڵێم! من ئەترسم خەیاڵی خۆم تۆقین زۆری بۆ بهێنێ و ڕۆژێ بڕوا و دەرگای ژووری شیر و شمشێر بکاتەوە و قاچ لەسەر قاچ بەرامبەری وێنەی «قەعقاع» دابنیشێ و چی ئەزانێ دەربارەی ناو و چرپەچرپ و وڕێنەکانی شەوگارم هەمووی بڵێ! من ئەترسم لچ و لێوم یان مەڵاشووم یا خود زمانە بچکۆلەم یان ددانم
ڕۆژێ حاشام لێبکەن و خەبەر لەم زمانە گەورە و لە گەرووم و لە ژێکانی ناو دەنگم بەن! من ئەترسم هەندێ «با» هەن سست و تەمەڵ نەفس نزم و لەم دەشتانەدا کەوتوون و قەت هەڵناکەن من ئەترسم «با»یەکی وایان کڕیبێ و کردبێتیان بە جاسوس و «با»ی جاسوسیش نیوەشەوێ هەر بە ناو درزی دەرگادا بە ئاسانی بێتە ژوورێ و گوێ لە هەناسە و یان پرخە و یاخود نەبزی خوێنم بگرێ و دوایی بڵێ: لەوە ئەچێ ئەم سەربازە بۆ «بەووابەی شەرقی» نەمرێ و بە مردنی خوایی بمرێ و بۆ بەیانیی قیڕ بمگرن! من ڕۆژێ چووم، دیارە هەر بە تاقی تەنیا بەسەر قامیشەڵانی زەردەڵەی مل باریک و بەسەر ئاوی بێوەژنی ناو ئەهوار و سەریفە لەش سووتاوەکەی کۆنەماڵا تۆزێ گریام لەو ڕۆژەوە ئۆقرەم هەر لەسەر ئاگرە و دەسم لەسەر دڵی ترسە و ئەڵێم نەوەک قامیشێکیان سیخوڕ بووبێ و چووبێ بۆ لای ماسییە نقەی ئاسایش و ڕاپۆرتێکی لە من دابێ چۆن گریاوم! هەر لە بیرمە من جارێکیان خەونم بینی خەونێکی سەیر! لەو خەوەدا ڕائید «حەمدان» بووبوو بە بەرازێک ڕەش و لە ساحەکەی موعەسکەرا یاری فتبۆڵی ئەکرد و خێرا خێرا بە پاشەڵی لە فتبۆڵەکەی هەڵئەدا تا ئەکەوتە سەر لمۆزی! وەختێ کە خەبەرم بۆوە کێشام بە کەللەی نەگریسما و لە ترسانا یەکەندەردوو گەرما و گەرم بینەقاقای خەوم گرت و هەر لە جێدا خەوم کوشت و چوومە دەرێ و لاشەکەیم دوور فڕێدا! وتم نەبادا ئەم خەوە بۆ شەوێ فریا بکەوێ و بڕوا و بچێتە ناو خەوی حەمدانەوە و بڵێ کە من ئەوم لە ناو خەوێکی خۆما بینیوە بۆتە بەراز من ناوێرم سەیری ئەم کوردانە بکەم ئەڵێم نەوەک چاوی «خەڵەف»ی پاسەوان لەپڕێکدا قەترەیێکی بەزەیی خوا یان یەک بریسکەی بچووکی لێبوردنی پێغەمبەرێ لە ناو چاوانما ببینێ و بەگرتمبا! ئەیانبینم و نایانبینم! زۆر نزیکن و زۆریش دوورن لە ماشێنان و تیاشیا نین بە ئێمەیان وا وتووە ئەبێ ئێوە وابزانن ئەم قافڵانە درۆن و ئەم ماشێنانە سێبەرن و کورسی چۆڵن و ئەبێ ئێوە وابزانن کە بەردەوام خەو ئەبینن خەوێ کە ناگێڕدرێتەوە هەتا هەتا! خەوێ نابێ دەقی بشکێ هەتا ئەیبەنە لای خودا» خەڵەف کۆکی و ئەم داچڵەکی و گەردەلوولی کلک کڵافەی دووری سەحرا هەتا ئەهات لە قافڵەی ڕوو لە عەدەم نزیک نزیک ئەکەوتەوە و لە پڕێکا لە ناو بەرایی تەماشای خۆڵاویا قەڵایەک و چەند قوللەیەک هەڵتۆقین و لە ناو ئێوارەی ژەنگاوی و لە ناو وەڕەی سەگی ڕەش و لە بەردەمی زەمانێکی مڕومۆچا ماشێن وەستا خەڵەف بە دەنگی بەرز وتی: «نوگرە سەلمان»