دڵی من چەشنی واگۆنی قەتارێکە
هەزار و یەک وێستگەی هەیە
لە هەر یەکێک
لەو وێستگانە ڕابوەستێ
ڕێبوارێک بەجێ دەهێڵێ
ڕێبوارێک خۆی تێدەپەستێ!
بەڵام لەوەتی دڵی من
بۆتە واگۆن
ڕێبوارێکی پەستی تیایە و
دانابەزێ
دانابەزێ
لە سووچێکی ئەم دنیایە
ئەم ڕێبوارە
بە دوای ناوی خۆیدا وێڵە
ئەم ڕێبوارە
بە دوای چاوی خۆیدا وێڵە
ئەم ڕێبوارە برینمە
ئەم ڕێبوارە زەردەخەنە و گرینمە
ئەم ڕێبوارە کوردستانە کوردستانە کوردستانە
لانەی یەکەم ئەوینمە
ئەم ڕێبوارە کوردستانە
لانەی یەکەم ئەوینمە