عەبدوڵڵا پەشێو

ڕووتان ڕەش بێت

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
596
لەم نیشتمانە چارەڕەشەدا چیتان هێشتووە دابەشی نەکەن وەک ڕەزی خۆتان؟
هەر بە شەهیدان سەرمان بڵند بوو ئەوانیشتان کرد بە پەزی خۆتان!

ناوێرم قەڵەمێک هەڵگرم
ناوێرم کراسێک لەبەر کەم
ڕووتان ڕەش بێ
تا ڕەنگەکانیشتان بەش کرد!

بڵێم خوێندکار یا قوتابی؟
ژن یا ئافرەت؟
ڕووتان ڕەش بێ
تا وشەی ناو فەرهەنگەکانیشتان بەش کرد!

دوو کەناری زێی جاویدانی
خانی و حاجی قادرتان بەش کرد
خاک و ئاو و ئاگرتان بەش کرد
کوا؟ چیتان هێشت؟
کوا؟ کێتان هێشت؟
بگرە قەحپە و دز و ڕێگرتان بەش کرد

وەک زڕتەکی گاکۆژبەدەست
نیشتمانێکتان کرد بە دوو
شار بە شار، گوند بە گوند گەڕان
لە هەر ماڵێک ئاگردانێکتان کرد بە دوو

خەڵک مێژوویەکی هەیە
ئێمە دوو مێژوومان هەیە
هەموو دنیا
یەک سەرکردەی لێ بەڵایە
ئێمە لەویش دوومان هەیە!

گەورەینە! لە سایەتان بەعس لەناو دەمماندا، زمانێکە و دەگەڕێ
بەعس کەڵەگایەکە سبەینە و ئێواران لە ئاوەزمان دەپەڕێ!
کێ بێ بەعس نەناسێ؟
تا دوێنێ هەتیوێک بوو
زەلامکوژ، زلحۆرت، جرپن
لە سای سەرتان هاتەوە
هاتەوە و کەس نایبینێ
وەکوو تارمایی مردن

لێمان بوو بە «تی ئێن تی»
چووە ناو سەفتەی دینار
لەگەڵمان دێتە سەر خوان
جێمان لەگەڵ بەش دەکا و لەگەڵمان دەچێتە ژوان!

لەناو مانشێتی ڕۆژنامەکاندا
بەعس دەبینم
لەناو مەوکیبی سەرکردەکاندا
بەعس دەبینم
لە فیفتی فیفتی ناو پەرلەماندا
بەعس دەبینم
لە دیل کوشتن و بەرائەت پێدان
لە زەنگلێدانی نیوەشەواندا
بەعس دەبینم
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد