وڵاخی جاران خاکی و ڕۆحسووک بوون
گوێدێر و بێوەی
بێ ورتە و پرتە
بێ نووکەنووک بوون
هاوتەویلە بوون
چ نێر و چ مێ چ دێز و چ بۆز
یەکسمپەروەر بوون
نە ڕێوڕەچەڵەک بای تێ دەکردن
نە گوڕە و هەڵڵای ئەم تیرە و ئەو هۆز
چەند چنگێک کا و جۆ بەس بوو بۆ قنیات
نە حەرەمسەرا و بەرتاشیان هەبوون
نە میرغەزەبی تێرمووچە و بەرات
نە دەستەی جێگر
نە فەوجی مێگر
نە مەڕلەمان و تیڤی و شاتەشات
مردنەکەشیان وەک ژین سادە بوو
نە شاخ و باخ و گرد بوو گڵکۆیان
نە گابۆڕ دنیای پڕ دەکرد بۆیان
لێ ئێستا توخمێک کەر پەیدا بووە
نامووسی کەری چوارپێی بردووە!
گەواڵەی مێرگ و پاوانی دنیاش بەسەریادا کا
هەڵدەتۆزێنێ
قنیاتی نایێ و هەر تێری ناکا
ئەو توخمەکەرە
چ هی ئەوبەر بێ چ هی ئەمبەرە
کفرە بڵێم کەر!
جانەوەرێکە سەیر و سەمەرە
نە خاکی و ڕەند و مەندە وەک چوارپێ
نە ئاکاریشی وەک هی بەشەرە
بە جاشکۆڵەیی
سۆکراتبەزێنە، زیتە، پیتۆڵە
پسپۆری بۆرسە و مارکێت و مۆڵە
سوپاسالارە
سەرگەلەی ڕانە دەوڵەتمەدارە
تا بینەقاقاش لە ڕیخ چەقیبێ
شکۆی ناشکێت و داشی هەر سوارە
هەور پینە کا هەواش بکێڵێ
خۆی وا دەنوێنێ سەرگەرمی کارە!
ئەو جانەوەرە
کفرە بڵێم کەر
کەربەشەرێکە سەیر و سەمەرە:
بنزەویناسە
نەوتپەروەرە
قیبلەی بۆرییە کابەی تانکەرە
لەودیو سنووران داری تێ دەبڕن
لەمدیو سوڵتانە، خانە، قەیسەرە...
سواری ملیۆنان زگی قۆپاو و مێشک و مینبەرە!
07/07/2016 هێلسنکی