ئێمە درەختی زڕ و بێبەر نین
تا لە چوار لاوە بمانبڕنەوە
ئێمە تووتن نین
چەرچی و بازرگان
بمانفرۆشن و بمانکڕنەوە
ئێمە بە هەنیەی دنیاوە تف نین
بە سووکەدەستێک بمانسڕنەوە
ئەو دڵە پاکەی گوانەنەوتێکی داگیرکەرانە
سبەی ملیۆنان ڕمی باڵدارە
ئەو نیشتمانەی بەردەبازێکی بەرپێی هەمووانە
سبەی ملیۆنان سەنگەری سوارە
هەستن هەڵۆی شاخان هەستن
لە هەستاندا ئێوە یەکن
یەک بیر یەک ڕێ یەک مەبەستن
هەستن هەڵۆی شاخان هەستن
لە هەستەدا ئێوە زۆرن
سەد ملیۆن چاو سەد ملیۆن قاچ
سەد ملیۆن مەچەک و دەستن
هەستن هەڵۆی شاخان هەستن