عەبدوڵڵا پەشێو

ئەگەر دیسان

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
436
ئەگەر دیسان
خوا لاویمان بداتەوە
وەک خەڵاتێکی ئاسمانی
ئەگەر سروشت
پڕاوپڕمان بکاتەوە
لە کڵپە و گڕ شێتی و جوانی:
ئەمجارەیان
لە پێناوتا
کام بەر حەرامە ئەو دەخۆم
کامە یاسا ئاسمانییە ئەو دەشکێنم
لم و لیتەی بنی دەریاش حەشارت دا
وەک مرواری دەرت دێنم
خۆم ڕادەستی قەدەر ناکەم
دنیاش دەستم لێ بەربدا
ئەمجارەیان هەرگیز دەستت لێ بەرنادەم...
ئەمجارەیان
نیوەشەوێک
کە تاریکی تیغ نەیبڕێ و
سروشت هەمووی بەپێوە بێ
بەفر تا چۆکان کەوتبێ
با و بۆران و کڕێوە بێ
بە هەسپێکی برووسکەیی هەڵت دەگرم
کەژ بە کەژ و یاڵ بە یاڵ و نەوال نەوال دەتفڕێنم
هەر شەوێک و لە کونجێکا قۆناخ دەگرین
تا وڵاتێک بۆ خۆم و خۆت دەئەفرێنم
لەوێندەرێ قەت ناهێڵم
شوێنێک هەبێ لە لانەکەی ئێمە کڕتر
قەت ناهێڵم کەسێک هەبێ
لە تۆ شاد و تەڕوبڕتر
لە من شێت و ئەڤیندار و بەرزەفڕتر
هەموو ڕۆژێ
بە لوێچی دەست
شیلەی هەورت لە دەم دەکەم
شعر لەسەر قەدی داران دەنەخشێنم
هەر برووسکێک چەخماخە دا
ڕێی لێ دەگرم
گڕی پەتی لێ دەسێنم
هەزار خۆزگە
هەزار خۆزگە
دیسان لاوی ئارایشتی دەداینەوە
وەک خەڵاتێکی ئاسمانی
هەزار بریا
دیسان تژی دەبووینەوە
لە کڵپە و گڕ شێتی و جوانی...
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد