عەبدوڵڵا پەشێو

بۆ سەردەشت عوسمان

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
449
کە هاتن و
دار چنارە شیکەکەیان لوول دا و ڕفاند
لەو ساتەوە کە هاتن و
گوڵەجۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند
کۆتری خەم هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ
کۆڕی پرسەی هەموان تەواو
پرسەکەی من
بەردەوامە و هەر جمەی دێ!
داخی ئەوەم لە دڵدایە
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم:
«ئاگادار بە!
لەم وڵاتە
ئەوەی قەڵەم چۆڵەچرا و ئاورگی بێ
دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ!»
نە دەزانم
نە دەشپرسم
کێ بوون دابارینە سەری!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە
بنیادەم بوون یا کەمتیار
بە چی هاتن:
بە جامڕەشێک یان بە جامڕوون
بێ نمرە بوو یا نمرەدار!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە
بەڵام پرسیم
پرسیم و دیسان دەپرسم:
ئەو سبەینەی
نرکە و گۆڵەی ئەو هەورەیان مت و کڕ کرد
ئەو سبەینەی
ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد
ئەوێ ڕۆژێ
یاسای سەروەر
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چووبووە کەمین؟
گیرفانی کێی دەپشکنی؟
لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟!
هەر پرسیم و پرسیمەوە
هەندێک دەڵێن:
«یاسای سەروەر
مایەسیری گیری دابوو دوورەدەست بوو»
هەندێک دەڵێن:
«زۆر سەرقاڵ بوو
شوورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی
خەمی خەست بوو»
هەندێک دەڵێن:
«ئاسمانی ژوور باخەکەی خۆی تەلبەند دەکرد
لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو»
هەندێک دەڵێن:
«نەخێر بێشکەی حکوومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی
ناوەناوە دایبییەکی لەپێ دەکرد
ناوە ناوە دایبییەکی دادەکەنی!»
هەندێک دەڵێن:
«نا ئەو ڕۆژە
بە شەرابی زەماوەندی بە شوودانی کەرکووک مەست بوو»
هەندێک دەڵێن:
«لە بانکێکا پارەی دەژمارد
لەبەر چاوی ڕژدی ئەغیار
سڵ و سرک و لەسەرهەست بوو»
منیش دەڵێم:
«کەس نەیزانی
یاسای سەروەر زگچووی لێبوو
لە ئاودەست بوو!»
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد