عەبدوڵڵا پەشێو

ئیتر بەسە

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
370
نەخێر کەرکووک قودس نییە
تا سەدان ساڵ جەرگەی شەڕی
نەوەی چەندین پێغەمبەر بێ.
«دڵ» یش نییە
تا ڕۆژناڕۆژ وەک شەڕەفتان
سەکتە لێی دات و پەنچەر بێ.
هەر مەشخەڵێک لە هەناوی کەرکووکەوە بازرە بکا
تیشکی هەنیەی پۆلێک موغی دەوری گڕە.
چیای حەمرینش هەر بستێکی
لانەی «ڕیشە» و «لەیلا»یەکی بەرزەفڕە
وەک دەورانی پێش تۆفانی شمشێر و تیر
هەر بەسامە مەند و کڕە.
لەسەر زەویش تەختی بکەن
لەبن زەوی هاوڕەگی بەمۆ و ئەزمەڕە.
ئیتر بەسە
ئیتر بەسە
تەرەسینە ئیتر بەسە!
مەودای نێوان ئەم هەرەس ئەو هەرەستان پڕ هەرەسە.
ئیتر بەسە
فسخواردنتان بۆتە گاڵتە
قوچاندن و تەق و ڕەوتان
شاشاپێن و سێجڕتییە بۆ هەوەسە!
ئیتر بەسە
کارخانەچی و سالۆسینە ئیتر بەسە
چیدی کەرکووک گاز و نەوت و بۆری نییە
سەرقەتارە ڕچەشکێنە فریاڕەسە.
ئیتر بەسە
کوردپسێن و کەرخەسێن و دەییووسینە
ئیتر بەسە!
هەر گەردێکی کەرکووکی من
بەردەڕەشی کەعبەیەکی موقەددەسە.
ئیتر بەسە!
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد