نەجمەدین غوڵامی

سۆراخ

بە دەنگی: نەجمەدین غوڵامی
شێوەزار: سۆرانی
251
ئەم هەواڵەت ئەسپە شێیە ژانی سمکۆڵان ئەکا
تان و پۆی باران بڕانە و حەز بە مەرگی نان ئەکا
مەرگی پاییزی گەڵایە وا لە تۆی زریانەوە
زەرد دەبێ و دەڕژێتە سارای دۆزەخی گریانەوە

تۆ لە کوێ بووی، ئەم هەوارە ڕەنگی کۆستی گرتووە
کوێ دەچی، کلچۆکی کۆچت چاوی خۆری ڕشتووە
کوێ دەچی، ئەی نەرمەباران من بە یاری ئەم خەمەم
من دەمێکە بۆ دڵۆپت چاوەڕێی تۆزێ نمەم

دەی ببارێ وەک تەڵێ نێرگز لە نێو ئەنگوستمەوە
دابدە و بتکێیە سەر ڕۆح سەر لە نوێ بتنووسمەوە
دابدە با لێوی کانی بەو قومەی بتخواتەوە
هەر لە دوور ڕا گەرد و تۆزی غوربەتت بشواتەوە

ئەم هەواڵەت ئەسپە شێیە ژانی سمکۆڵان ئەکا
تان و پۆی باران بڕانە و حەز بە مەرگی نان ئەکا
کوێ دەڕۆی من دێر زەمانە خاک و پێی دەشتی ڕەوم
کوێ دەچی من دێر زەمانە خاک و پێی دەشتی ڕەوم
بێنە بارگەت نێ لە دڵما و بێرە ڕەشماڵی شەوم
هۆنەر: حەمە عەزیز

دەقی سەرەکیی ئەم هۆنراوەیە بە بێ گۆڕان:
سۆراخ
ئەم هەواڵەت ئەسپە شێیە ژانی سمکۆڵان دەکا
تان و پۆی باران بڕانە حەز بە مەرگی نان دەکا
مەرگە پاییزەی گەڵایە وا بە تۆی زریانەوە
زەرد دەبێ، دەڕژێتە سارای دۆزەخی گریانەوە
تۆ لە کوێ بوویت، ئەم هەوارە ڕەنگی کۆستی گرتووە
کوێ دەچیت، کلچێوکی کۆچت چاوی خۆری ڕشتووە
کوێ دەچیت، ئەی نەرمەباران من بە یاری ئەم خەمەم
زۆر دەمێکە بۆ دڵۆپت چاوەڕێی تۆزێک نمەم
دەی ببارێ وەک تەڵی نێرگز لە نێو ئەنگوستمەوە
دابدە و بتکێیە سەر ڕۆح سەر لە نوێ بتنووسمەوە
دابکە با لێوی کانی بەو قومەی بتخواتەوە
هەر لە دوور ڕا گەرد و خۆڵی غوربەتت بشواتەوە
تۆ لە کوێیت من دێر زەمانە خاک و پێی دەشتی ڕەوم
بێنە بارگەت خە لە دڵما، بێرە ڕەشماڵی شەوم