چاوم تاریکە، دڵم بێ خولیا
لێم گەڕێن بۆ خۆم تەنیا بم، تەنیا
وەکوو بیرێکی فەرامۆشکراو
کە یەک پشکەئاو نەبێ لە بنیا
نیشتمیانی من شانیشتیمان بوو
ئاخ، سەدەی پیتڕۆل
ئاخ، گاز و کیمیا!
ئاخ چییان لێ کرد:
تەرەسی عۆجە و
گای بنەی خۆیی و
گەوادی دنیا!
ترووسکەگڕێک هێشتا هەر ماوە
لە ئاگردانی گیانی پڕ بریا...
هەر فووی لێ دەکەم
بەڵکوو ڕۆژێک بێ بەربێتە سەدەی گۆبڵز و بێریا!
وا تەپەی پێ دێ
گوێ هەڵخە، دڵە
ئەی بزنەکێوی چاوماری وریا!
کێیە؟
کوردستان!
تەبڵەکی کادرێی مافی مرۆڤ و پڕۆلیتاریا
وەرە ژوورەوە!
ئەی ئەو چاوانەی لەگەڵ گریانیان کەسێک نەگریا
کێ بە قەدەر تۆ تاقی کرایەوە
کێ وەک تۆ دڵی کرا بە مۆمیا؟
کێ لە موختەبەر هێندە مایەوە؟
کام مەل
کام ئاژەڵ
کام کار
کام گیا
وەرە ژوورەوە! خۆشەویستەکەم
وەرە ژوورەوە خۆشەویستەکەم
وەرە بن باڵم، بنوو دڵنیا
ئەوەی دەیدوورم یەک لە دووانە:
«کفن یا ئاڵای ترۆپکی چیا»