عەبدوڵڵا پەشێو

چما من چۆڕەخوێنە داگیرساوەکەتان نیم

بە دەنگی: عەبدوڵڵا پەشێو
شێوەزار: سۆرانی
443
چما من چۆڕەخوێنە داگیرساوەکەتان نیم؟
من خەنجەرە هەمیشە هەڵکێشراوەکەتان نیم؟
چما من مەلی تیژباڵی داودۆزی ڕەوەکتان نیم؟
لە خەوباراندا زەنگ و لە تۆفاندا کەڵەک و لە ڕۆژی بەستەڵەکدا ئاگردان و گەرمەکتان نیم؟
چ زوو پێم گوتن
چ زوو پێم گوتن کوندەبۆیانی کەلاوەنشین
چاویان هەڵ نایێ بە ڕۆژی ڕووناک
چ زوو پێم گوتن ئەو خەرتەلانە ئارام ناگرن تا زێدەکەمان نەکەن بە کەلاک
ئێستاش تێم ناگەن، لێم بەدگومانن
دە چاک بزانن
ئەو وانەکانە سبەینان بازی دەزندەخۆری نەوەی حەججاجن
نیوەڕۆیانیش چاوساغی ئۆردووی دمدمشکێنن
عەسران تاژیلەی چوارپەل بەخەنەی عرووبەی شامن
لە حەرەمسەرای ئالی عوسمانیش، شەوان بە نۆرە هەتیوخەسێنن
هێشتا تێم ناگەن، لێم بەدگومانن
دە چاک بزانن
هەر کانییەک ئەوان ئاوی زەقنەبووت کەن
هیشکاو دێنێ
دۆبڕن دۆبڕن دۆبڕ
هەر درەختێک لە سایەیدا ئەوان بنوون بێ بەر دەبێ
تاعوونن تاعوونن تاعوون
لە هەر جێیێک گەرا بخەن
تۆوی مەرگی پێ وەردەبێ
کوچکڕەشن
کوچکڕەشن کوچکڕەشن کوچکڕەشن
بڵێ هانێ، ئەمە ئاڵای سەرفرازی
ئەوان کفنت بۆ هەڵدەکەن
بڵێ هانێ، ئەمە کەوسەری سەرکەوتن
ئەوان ژاری تێشکانی تێکەڵدەکەن
خۆریان وەک تاج لەسەر بنێ
تیشکەکانی دەتارێنن
شۆڕابەیان بۆ زین بکە
لمی داخبوو دەبارێنن
ئەو هینانە، ئەو هینانە شەنگەبەرەی داری ژاری بەربینگمانن
دوو لاگون و سەد باتمانی
مێردەزمەی سەر سینگمانن
هێشتا تێم ناگەن، لێم بەدگومانن
دە چاک بزانن
تا سێبەری ئەوان مابێ
نە بایەزید خانی دەبێ
نە گۆڕقەرەچ حاجی قادر
تا سێبەری ئەوان مابێ
کوردستانمان وەک دێڵەیێک دەبێ جێگەی بەر درگا بێ
هەر بترەکێ و هەتاکوو دنیا دنیا بێ
دەرزن دەرزن، تەغار تەغار
تووتکەخەفی و براکوژێ لێ پەیدا بێ
تا سێبەری ئەوان مابێ
هەر بە شکست تۆڵەی شکست دەکەینەوە
هەر بە ماچ وەڵامی ئەنفال دەدەینەوە
بە تریاکی هەڵەبجەیێک، هەڵەبجەیێک لەبیر خۆمان دەبەینەوە
تا سێبەری ئەوان مابێ
دەبێ هەروا بە ئومێدی فرۆی چەوری بەرخەنێر بین
چاو لە هێلکەی دووزەردێنەی کەڵەشێر بین
تا سێبەری ئەوان مابێ
هەرجارەو گوندێک، شارێکمان
لە پەردەی عۆجەیێک دەکەن وەکوو کەرکووک
لەملا دەبنە ئاوەڵزاوا و دەقریوێنن
لەولاش دەبن بە دایکی بووک
ئێستاش تێم ناگەن، لێم بەدگومانن
دە چاک بزانن
کوردستانی ئێمە ئاشە
کوردستانی ئێمە ئاشە و سەرکردەکانیش ئاشەوان
کورد باراشە و هاڕینەکەی بە قۆنتەرات دراوە بە وان
نێرەر: ئاسۆ پیری
پێداچوونەوە: چریکەی کورد