کەرکووک ئەی غونچەی هەڵوەریو
تاسەی خنکاو، هۆ خۆر نەدیو
بێنازەکەم خانەی دزراو
هۆ خەندەی من، ئەی کلی چاو
ساڵ هات و چوو بە هێمنی
تۆ هەر دەزگیرانی منی
خۆشەویست و یاری منی
تۆ گۆرانی و دەنگی منی
دڵدارەکەم بابەگوڕگوڕ کاتێ هاتم ئەگەر وتم
بابەگوڕگوڕ بەگوڕ هاتووم بۆ کوڕ هاتووم
باوڕ نەکەی
ئەمجارەیان بۆ ڕاز هاتووم
منداڵێکی برسی و ڕووتم
لە خوانەی بەر ئاگردانت
بۆ ژین هاتووم، بۆ ژین هاتووم
بابەگوڕگوڕ باوانەکەم ئەگەر شەوێ کەسێ نامۆ
ئەگەر بەژنێ ماندوو و داماو غەریبە بە چاوەکانی تۆ
دەست و باسکی نەبوونەوە نەبوونەوە لە گەردنت
هەر نەیتوانی هیچ شتێ بڵێ هەر وردبووەوە لە جوانی تۆ
ئەوە منم هاتووم بۆ لات
برسی و ڕووت و عاجز و مات
لانەواز و شڕۆڵە و لات
هاتووم لێت دەپاڕێمەوە
هانێ کوڕەکەم بەرەوە
هەتا مردن مەمدەرەوە
تەنها ڕەگی دووبەرەکیم
لە ناخەوە بۆ ببڕەوە
ساڵ هات و چوو بە هێمنی
تۆ هەر دەزگیرانی منی
خۆشەویست و یاری منی
تۆ گۆرانی و دەنگی منی
هۆنراوە: بورهان موفتی