چەکهەڵگری خاکێکم دوژمن لەسەری زاڵە
من بوومەتە بێگانە و بێگانە خاوەن ماڵە
گەر عومر بدا ماوە ڕێبازی خەبات ئەگرم
شێرانە بە شەڕ دێم و پیاوانە ئەبێ بمرم
ئەی دوژمنی ماڵوێران زۆر وەختە کە ئەمشێلی
ون نابی لەبەر چاوم ناڕۆیت و بەجێم بێڵی
چەکهەڵگری خاکێکم دوژمن لەسەری زاڵە
من بوومەتە بێگانە و بێگانە خاوەن ماڵە
هەرچی کە هەبوو بردت چی ماوە هەڵینووشی
ئەی گورگی زیانیدەر بۆ هێندە دڕ و تووشی
گەر بمدەنە بەر گوللە ئەم ڕێگایە ڕێگامە
لابردنی تاڵانکەر فەوتاندنی بڕوامە
چەکهەڵگری خاکێکم دوژمن لەسەری زاڵە
من بوومەتە بێگانە و بێگانە خاوەن ماڵە
خوێناوی لەشی خەڵکە بابۆڵەی دەسی ڕۆڵەت
ئەی لاوی شەهیدی کورد ئەستێنین حەق و تۆڵەت
ئەی لاوی شەهیدی کورد ئەستێنین حەق و ڕۆڵەت
ئەم ڕێگە کە گرتوومە دواڕۆژی لەلام ڕوونە
یار سەرکەوتنی کوردە یا مەرگ و تیاچوونە
چەکهەڵگری خاکێکم دوژمن لەسەری زاڵە
من بوومەتە بێگانە و بێگانە خاوەن ماڵە
دایە گیان
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریە دایەگان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
من گوڵی سەد ئارەزووی ژینم لە خاکا خەوتووە
خاکی مەیدانی خەبات ڕەنگینی خوێنی من بووە
دامەنیشە دایە گیان بۆ هاتنی من چاوەڕێ
دڵنیا بە بەسیەتی بۆ دەنگی درگا مەگرە گوێ
دایە گیان
دایە گیان سوێندم بە فرمێسکی گەش و ئێشی دڵت
دایە گیان سوێندم بە جەور و مەینەتی بێحاسڵت
من دەمێکە جەرگی سووتاندووم هەناسەی سەردی گەل
دڵپڕی کردووم خەمی دەسکورتی و ڕەنگزەردی گەل
من کوڕی کوردی شەهیدی ڕێی خەباتم دایە گیان
کۆتری خوێنینپەڕی باخی وڵاتم دایە گیان
هەر وەکوو بێگانەیێ دڵ پڕ لە ناکامی و گرێ
لەم هەموو دەستە نەبوو دەستێ و کە بێ و دەستم گرێ
من لە شاری خۆم غەریب و بۆ هەموو بێگانە خۆم
کۆتری کوژراوی ڕێگای لانە خۆم بێ لانە خۆم
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریە دایەگان فرمێسکی خوێنینم دەوێ
دایە گیان ئەو کیژە وا ئەتویست بە بووکی تۆ ببێت
خۆت بدە پیشانی جارێ با بە هیوای من نەبێت
تاکوو بتبینێ کە ڕەشپۆشی لە سەر تا پاتەوە
بەڵکوو بڕوا دڵنیا بێ و من لەبیرەو باتەوە
دایە گیان
دایە گیان بگری لەسەر خاکم کەوا شینم دەوێ
زۆر بگریە دایەگان فرمێسکی خوێنینم دەوێ