
شنگالا من
گەر تۆ بشکێی
تەماشای کام ئاوێنە کەم
تا سیمای بن خۆڵەمێشی خۆم ببینم
بۆ وەڵامی کاولەمێژووی پڕ برینم
چۆن خاک ڕاخەم بۆ قیت وەستان
ئاسمان هەڵدەم بۆ فڕینم
گەر تۆ نەبیت
چۆن بزانم کامە ڕێگە دەمباتەوە لای ئاتەشگەی باپیرانم
چۆن گوێ هەڵخەم بۆ هەوهەوی سوارەی مادان
بۆ زەنزەنەی دەوری ئاگر
بۆ لای لایەی پەریزادان
گەر تۆ نەبیت
شارێکی دی لەکوێ بێنم ئاوا وەک تۆ
بە زمانی هەر دەورانێک بیدوێنم، بۆم بێتە گۆ
من دیواودیو دەیانبینم
تا سەر ئێسقان دەیانناسم
من دەمزانی
ئەوان هەموو، هەموو شتێک هەڕاج دەکەن
بەپێ و بێپێ
تەڕ و وشک
بەرز و نەوی
سارد و گەرم
هەور و هەوا
شیلەی زەوی
ئەوان هەموو، هەموو شتێک هەڕاج دەکەن
کڕیار هەبێ و دەستیان بڕوا
گردی یارە و پردی دەلال
ڕادەگوێزن بۆ هەندەران
قەڵای هەولێر ڕادەپێچن
بۆ تێرمیناڵ و بەندەران
گورچیلۆکەی زارۆیان و مناڵدانی زەرییەکانمان
بۆ مەزاتخانان بار دەکەن
دەشت بێ ئاسک و کێو بێ کێوی و ئاسمان بێ تەیر و توار دەکەن
من دیواودیو دەیانبینم
تا سەر ئێسقان دەیانناسم
تەماشا کەن
سوڵتان و شا کەوتنە چاڵی چاڵدێران و تووناوتوون چوون
میر و بەگی ڕووچکزەردی کەواسووریان
سەتان ساڵە بەرمای سفرەی مشک و مارن
کەچی ئەمان هەتا ئێستاش
لە سووچێکی کەوشکەنی شا سمایل
ئەستۆخوران
هەتا ئەمڕۆش لە دیوانی خانی مەگۆل
هەر سفرەچی و پەردەدارن
تا هەنووکەش ڕۆژێک لەبن قەرەقۆینلوو ڕادەکشێن
ڕۆژێک لەبن ئاق قۆینلوو
گوێمان دەسمێ فینگەفینگ و خنەخنیان
نێشکۆڵەشیان هێند بچووکە
داخزیوە و کەوتۆتە ناو هێلکەی گونیان
من دیواودیو دەیانبینم
تا سەر ئێسقان دەیانناسم
من دەمزانی ئەوان قەل و تاوس مەلەک
پاڵاوگەیەکی پێتڕۆڵ و مەرقەدەکەی شێخ شەڕفەددین لە یەک جودا ناکەنەوە
من دەمزانی
ئەوان سەربردەی عەنتەر و داستانا دەروێشێ عەبدی
ئێزیدخان ۆ قومارخانە
لە یەک جودا ناکەنەوە
خۆ ئەمانەم گشت دەزانی
بەڵام شنگال
ئاخر شارێک هەر خشتێکی کاسەسەر بێ
کاسەسەری مێرێکی ڕند
ئاخر شارێک لەبەردەمی دەروازەیدا
ڕەوە ڕەوە سوڵتان و میر بووبن بە پەند
ئاخر شارێک مسحەفا ڕەش تاجی جلوەی لەسەر نابێ
بۆ ئاگری سەرگەردانی ئاتەشگەکان دواپەنا بێ
ئاخر شارێک گلگامش خۆی لانکۆڵەکەی ڕاژەنی بێ
پڕ گمەگمی کەڤۆک و زاکوزیکی زەڕنەقووتە
پڕ داوێنی گزنگزادە و بسک و کەزیی شازەری بێ
کێ زات دەکا بیفرۆشێ
نرخی چەندە و دەبێ چی بێ
چیایێ شنگال
کە تۆ مێژووت هەموو مێژووت
جێپێی ڕەشی سەفەربەر بێ
سەفەربەر و هەر سەفەربەر
وەکوو یەکە
سەرپەڕێنان شیروەشێن بن یا سنایپەر
بۆ ئەنفال بێن یا بۆ فەرمان
بە وشتر بێن یا بە تانک و تۆپ و هەمەر
چیایێ شنگال
کە تۆ مێژووت هەموو مێژووت
هەر فەرمانی پاش فەرمان بێ
کە تۆ دەردت وا توولانی و بێ دەرمان بێ
خۆ دەبوایە
گۆمەئاوێک لە توێکتا حەشار بدەی
تاکوو لێوی زارۆیانی ئادەم تەڕ کەی
خۆ دەبوایە
هەر بۆ سێبەر، دارستانێک، دەوەنجاڕێک بڕسکێنی
برووسکەیەک گلدەیتەوە
لە شیوەڵە و نەواڵێکتا بیخەوێنی
تا لە کات و ساتی خۆیدا
لە ناوقەدی شەوەزەنگی بوەشێنی
تۆ دەبوایە
گڕکانەکەی چیای ئاگری و ڕەشەباکەی سلێمانی و گڕەپێچەی بابەگوڕگوڕ تێک هەڵشێلیت
پێکەوەیان بجۆشێنی
تا لە نێوان ڕەوەکلۆ و پەڵە گەنمی شپرزەدا
شوورەی ئاگر بئافرێنی
ئاخ، نە دەستم قەڵەم دەگرێ
نە زمانیشم گۆ دەکا
ئاخر کاتێ من کۆچ دەکەم، دەپەڕمەوە و دەچمە ئەوبەر
نازانم چ بە قەناتی کوردۆ بڵێم
چۆن بتوانم چاو ببڕمە چاوی تیژی ئەو شەهێنە
چۆن وەک جاران، ئۆردیخان لە هەمبێز بگرم
ئەو زارۆیە، ئەو چەمە ڕوونە خوڕڕێنە
لەسەر سفرەی حاجی جوندی و ئاپێ جاسم چۆن دانیشم
ڕووی زەردی خۆم لە کام لا کەم
شەمۆ و شەکرۆ چۆن بدوێنم
دل و چاڤێ وان خۆشمێران چەواشا کەم
چۆن ئەو هەموو بنکراس و پێسیرانەی دادڕاون
لەبەر چاوی وان وندا کەم
چۆن هەزاران پەڕەسێلکەی ناو ڕکە و تۆڕ
بێ زایەڵە بێ سەدا کەم
چۆن ئەو هەموو خۆلی و خوێنە بشارمەوە
ئاخر چییان بۆ بڕێسم، چ پینە کەم، چ بە پا کەم
جا خۆ ئەوان
ئەوان خۆیان
چاوتیژتر و دووربینترن لە هەڵۆیان
بینییان چۆن ژەنەرالی ناو پاکەتی تازەی سەرمۆر
لوولەی چەکیان ڕووبەرەوژێر، وەکوو چاویان، وەک ئەستۆیان وەرچەرخان و پشتیان کردە دەرپێی بەجێماوی خۆیان
بینییان کوو
لەبەر چاوی زەقی گووگل
لەبن کلکی زڕەبێنی کرێمل و کۆشکی سپی و بورجی ئایفل
لەبەردەمی ڤاتیکان و خاچی دێران
لەبن لووتی مناران و میدیای پۆشتەی دنیای وێران
گاڕانێک دۆڵپای ناقۆڵا، گەواڵەیەک چینەی جەنگیز
ڕەوەڕۆبەتێک لە پۆڵا، ڕێژنەیەک ڕیش
لاوفاوێک گەڵ
دینیان سمت و خوایان کەفەڵ
تەنبەتەن بوون، ڕووبەروو بوون
لەگەڵ باخێک پڕ کولیلکی لیمۆ و هەنار
پڕفەریکی دەنکە زەیتوون
وای
وای ئەو ڕۆژە چە ڕۆژێکی تفت و تاڵ بوو
زەوی کەڕ و ئاسمان مجرۆ
مینبەر لاڵ و نوێژ بەتاڵ بوو
چەندی کردم
چەندی دەستم لە باخەڵی زمان گێڕا
وشەیەکی تێدا نەبوو
گرمەی هەرەس، وزەی گڕکان، ڕابوونی تۆفانی تیا بێ
یەک دڵۆپە ڕۆنتێکی وام نەدیتەوە
قەبارەکەی هەژیی ڕۆژەڕەشی وا بێ
تۆ پەلەت بوو
تۆ پەلەت بوو
تۆ پەلەت بوو
منیش پێش وەی چیلکە و ئێزنگ کۆ کەمەوە
تاکوو ئاگر لە خۆم بەردەم، دەبوایە بەم نینۆکانەم
کەڕووی چاڵی مێژوو دەردەم
تۆ پەلەت بوو
زامی منی لە چوار لاوە ئەنگێوراویش
هێشتا گەرم و سەرواڵا بوو
نەمدەتوانی چەمێکی خوڕ هەڵببەستم
ئەو گڕەی پێ بتەمرێنم کە لە بەژنی تۆ ئاڵابوو.
تۆ پەلەت بوو
منیش دەبوا جووتێک پێڵاو بەڕاداندەم
قایمتر بێ لە چەرمی ڕووی سەرکردەکان
ناردم بە شوێن گۆپاڵەکەی پیرەمێردا
تا بە بەژنی زنجیرەچیای دووهەزار و پێنسەد ساڵدا هەڵزنێم و بە هەڵدێر و دۆڵ و شیویا شۆڕ ببمەوە
بە دڕکەڵانی فەرمان و سەفەربەر و ئەنفالاندا
هەزارجار بێم و بچمەوە
تۆ پەلەت بوو
منی شپرزەش پێش ئەوەی بۆ ئەم ڕێی هات و نەهاتە
بۆ ئەم قافە سەختەی شەعر
خۆم ببەستم و ڕێ بکەم
هەر دەبوایە
هەر دەبوایە چەند مۆمێکی نوورپرژێنی حەزرەتی خانی پێ بکەم
هەورەتریشقەی حاجی قادر بگوازمەوە بن زمان و ئاسمانێکی بۆ چێ بکەم
دەبوایە کوورەی ئاگری سۆزی باباتایەر داخەم
بۆ نوێژێکی گیانداگیرسێن
بەرماڵی مەولەوی ڕاخەم
گەرەکم بوو نیوەشەوان
چاو لێک نێم و هەست ڕاگرم بۆ گمەگمی قەوالان
بۆ کەروێشکەی ئاخ و ئۆفی ژێی تەنبووری باڤ و کالان
جاروباریش، شنگالا من
کە ڕێی دووری بینینی تۆم دەگرتە بەر
منی ڕەبەن، چارەم نەبوو
هەردەبوایە بۆ دیداری لالش لادەم
تا هزری خۆم لە کانییا سپی مۆر کەم
لەمپەری پێش زمان ڕادەم
خۆم لە کێشی ئەم گۆی زەوییە ڕاپسکێنم
لەسەر کەڤر و زناری ڕێ
جێی ئاورینگی پێی شێخ هادی بشۆپێنم
چاوەڕێ بم
پێلی نوور و بۆی بخوور و شنەشنی شەوقی چرای پەرستگەی لالشم بۆ بێ
تا نادیام لێ دیار بن و ئێسک و پرووسکی ئازیزانیش بۆم بە گۆ بێ
تا سروودێک تێچریکێنم
شنگالا من
کە شایانی کۆستی تۆ بێ