چەندە داوا کەم لە دڵ تۆزێکی دیکەش بسرەوە
چەند لە چاوانم بوێ فرمێسکی حەسرەت بسرەوە
چەند بەڵێنی هاتنی ڕۆژ و نەمانی شەو بدەم
چەند تەمەننا کەم نەجاتم بێ لە شوومیی ئەم شەوە
ژینی نامۆی هەندەران هەست و بڕستی لێ بڕیم
شەو نییە بێ بیری خاک و نیشتمان سەرنێمەوە
خاکەکەم دابەشکراوی دەستی چوار داگیرکەرە
کەی دەگا ئەو ڕۆژە پیرۆزەی کە تێکەڵ ببمەوە
من بە ئاواتم وەکوو ئینسان بە ئازادی بژیم
بێتە دی ئەو ڕۆژە داگیرکەر نەمێنێ و بێمەوە
ژینی نامۆی هەندەران هەست و بڕستی لێ بڕیم
شەو نییە بێ بیری خاک و نیشتمان سەرنێمەوە
زێدی من داگیر و ئەمنیش وەک پەپوولەی دەوری شەم
ئێستە هاتووم و بە دەوریدا ئەوا دەخولێمەوە
من ئەسیر و پیری ژان و ئێشی دەردی غوربەتم
ئارەزوومە نیشتمانی خۆم لە ئامێز گرمەوە
ژینی نامۆی هەندەران هەست و بڕستی لێ بڕیم
شەو نییە بێ بیری خاک و نیشتمان سەرنێمەوە