چوومە سەر سەنگەر، سەنگەر سوور ببوو
دیم کوڕەکوردێ بریندار ببوو
بە گوللەی دوژمن سنگی چڕژابوو
لە سەر ئەم خاکە خوێنی ڕژابوو
وەسیەتی دەکرد بە برینداری
دڵی هەر بەردێک ئەهاتە زاری
بڵێن بە دایکم نەگرێ بەهانە
ژینم لە ڕێگای نیشتمان دانا
بڵێن بە بابم ئاخ هەڵنەکێشێ
دوژمنی هەستم لە خوێن هەڵکێشێ
نەکەن سەراپا ڕەشی بپۆشن
با نەڵێ دوژمن دڵ بە پەرۆشن
چوومە سەر سەنگەر، سەنگەر سوور ببوو
دیم کوڕەکوردێ بریندار ببوو
سڵاو لەو دایکەی کوژراوە ڕۆڵەی
دایم حەولیەتی بستێنێ تۆڵەی
سڵاو لەو دایکەی ڕۆڵەی کوژراوە
کۆرپە جوانەکەی نێچیری ڕاوە
چاوبەگریان و جەرگ کونکونە
جەرگبڕاوی دەستی دوژمنە
چوومە سەر سەنگەر، سەنگەر سوور ببوو
دیم کوڕەکوردێ بریندار ببوو