
لە نیساری خۆرنەوازا تاوێ گوێ بگرە لە ڕازم
هەقم بەڕێ بە جوانی تۆ و ئەم خاکەوە من بنازم
ڕۆژانێک بوو بیر و باوەڕ لە هەموو شت پیرۆزتر بوو
گرەوی گیانبازی وا بوو کێ لەوەی تر دڵسۆزتر بوو
کوا ڕۆژانی بەرائەت و پاکی و سادەیی و ڕاستگۆیی
چەشنی کۆچی ئازیزانمان بە شێنەیی هەمووی ڕۆیی
ئەمێستا کە بە ناچاری ڕێی نامۆیی دەگرینە بەر
ئەوەی ماوە لە ژیانمان لە غەریبی ئەیبەینە سەر
بمبەنەوە بۆ ڕۆژانی پڕ لە یادی خۆشی جاران
بۆ زەمەنی موحیببەت و مەجلیسی گەرمی ئێواران
لە هەر کوێ بین بۆ کوێ بڕۆین هەر نیشتیمان قیبلەمانە
هەر دێینەوە ئەم وڵاتە دوا مەنزڵی هەموومانە