تاهیر خەلیلی

ڕاپەڕیوم

بە دەنگی: تاهیر خەلیلی
شێوەزار: سۆرانی
334
ڕاپەڕیوم وا لە کۆڕی بەزمی تێکۆشانەوە
شان بە شانی ڕۆڵەکانی نیشتمانی جوانەوە
من لە نێو کۆڕی خەبات و ڕەنجی بێ پایانەوە
سەر لە پێناوم لە خزمەت خاکی کوردستانەوە
هەڵگری بەیداخی سووری ڕێی شەهیدانم ئەمن

چۆمی خوڕێنی بەهارانم پشوودانم نییە
بێ وچان هەروا دەهاژێم و هەدادانم نییە
من شەپۆلی سەرکەشی دەریام و ئارامم نییە
گەر بە سەربەستی نەژیم من ژینی پەستیم بۆ چییە؟
هاژەهاژی قەڵبەزەی بەفراوی کوێستانم ئەمن

شێری مەیدانی نەبەرد و ڕاپەڕینم هەر بە گوڕ
من بە نرکەم دادەخورپێنم دڵی دوژمن لەپڕ
وێنەیی دارەبەنی پیرم بەدەم کوێستانی چڕ
بازی بێ پەروام ئەمن، پیرەهەڵۆم و بەرزەفڕ
وەک برووسکە و گرمەیی هەوری بەهارانم ئەمن

هەڵکراوی شۆڕشم من کڵپەکڵپی ئاگرم
هەر وەکوو پۆڵا بەرامبەر دوژمنم خۆڕاگرم
من لەسەر داوا ڕەواکەم سوورم و پێداگرم
دەست لەسەر ئامانجی بەرزم بۆ ئەبەد هەڵناگرم
نابەزم پێشەنگی ڕێبازی گەلم مەردم ئەمن

هۆنراوەی عەبدولخالق نەقیب