چەرخی چەواشەی بێ ئامان زوو دایبڕیم لە نیشتمان
چەرخی چەپگەرد وای هێنا بۆم ئاوارە بووم لە شاری خۆم
باخی بەهەشت بێ هەندەران بۆ من هەر دەرد و ماتەمە
بیرم هەر لای کوردستانە بۆیە دڵم پڕ لە خەمە
شەکەتم لە ژیانی ئەوێ لە ئەم ژینە غەوارەیە
بەڵام چی بکەم ئەم خەڵکەی من ئێستاکەش هەر ئاوارەیە
شەو و ڕۆژ هەر وام لە خەیاڵ ئەفڕم وەکوو کۆتر بە باڵ
بەرەو ئاسمانی شارەکەم بۆ لای خەڵکە هەژارەکەم
کەچی شار هەر وەکوو شەوە ڕایچڵەکاندم لەو خەوە
لەپڕ بە دەم گریانەوە بە دەرد و ئێش و ژانەوە
دیسان بەرەو ڕێ بوومەوە بەرەو هەندەران چوومەوە
ئاوارەیی بوو بە بەشم بڕوانە فرمێسکی گەشم