وڵاتانی تێری جیهان دەفتەرێکی سووریان هەیە
بۆ ئەو مەل و گیاندارانەی کە کوشتنیان قەدەغەیە
داوا دەکەم لە یۆنیسکۆ لە دەفتەرە سوورەکەیدا ناوی منیش تۆمار بکا
لە ڕاوکەر و بازرگانان کەوڵ و پێستم ڕزگار بکا
نە خزۆکم بە خشپەیێک تێتەقێنم خەڕەند و هەڵدێر و تەڵان
نە دەعباشم بە کەڵبە بێچوو هەڵگرم کونەشاخێک بکەم بە لان
نە باڵندەم، عەرد دەرم کا دەرکەی ئاسمان ڤەکەم بە باڵ
نە ماسیشم گەرداو هەڵکا ناخی دەریا پەنام بدا و پەی پێم نەبا چاوی خەیاڵ
من هەم و نیم دووپێیەکم
کەچی ئەوا زەردەواڵەی دووپێ دەمخۆن
تێم ئاڵاون لە ڕاست و چەپ، لە خوار و ژوور
تکام لێتە پەنام بدە دەفتەری سوور