بۆچ زەمانە هەر لەگەڵما مەیلی غەدداری هەیە
بۆچ فەلەک دایم خەیاڵی مەردوم ئازاری هەیە
من نەخۆش و خەستە و زارم لە ڕۆژێکۆ کە وا
چاوی مەخمووری نیگارم مەیلی بیماری هەیە
من خەیاڵی گەردنی ساقی و مەی و بادەم بەسە
خواجە هێند بێ عەقڵە هەر دەردی جل وباری هەیە
تەرکی دینم و مەزهەبم کرد من کە دیم زوڵفی نیگار
حەڵقە حەڵقە و پێچ و پێچە شکڵی زونناری هەیە
ڕوومەت و خاڵت لە پێش چاوم نیگاری نازەنین
هەر لە عەینی ڕەنگی ماهـ و شکڵی پەروینی هەیە
ئەو گوڵاڵەی وا لە کێوی بێستوونا سەوز ئەبێ
چەن لەتیف و ئاڵە ڕەنگی لێوی شیرینی هەیە
بۆچ زەمانە هەر لەگەڵما مەیلی غەدداری هەیە
بۆچ فەلەک دایم خەیاڵی مەردوم ئازاری هەیە
هۆنراوە: #ئەحمەد_موختار_جاف